ساڵح ژاژڵه‌یی باس له‌ هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی و کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەکات

- 9/12/2019 10:35:00 AM 2507 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگری سه‌رۆكی پێشوی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ هۆكاری ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی دەکات و دەڵێت، داوایانکردوە هیچ کەسێک لە خانەی ڕاپەڕاندن خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ هیچ پۆستێکی حکومەت کە گۆڕان وەریدەگرێت، هەروەها وتویانە هەرکەسێک چوە شاندی دانوستان، نابێت خۆی هەڵبژێرێت بۆ هیچ پۆستێك، كه‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرێت، بەڵام داواکانیان رەتکراوەتەوە.

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگری سه‌رۆكی پێشوی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "کێشەکە ئەوەیە هێشتا هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە، جڤاتی نیشتمانی ئەندامەکانی زیاتر له‌ چوار ساڵە هەڵبژێردراون، دو سێ ساڵە هەر ماوەی یاساییان تەواو بوە، ئەو بەرپرسی مەکۆیانەی کە بەدەنگی خەڵک بونەتە بەرپرسی مەکۆ ئێستا ڕەنگە ئەو خەڵکانە هەر نەمابن، واتە وازییان هێناوە، دانیشتو، تۆراون...، ئێستا ئەم خەڵکە کە خۆی بەنوێنەری دەزانێت و نەماون چۆن یاسا ڕێگەی پێدەدات؟! چۆن مەعقولە گەورەترین دەزگای جێبەجێکاری خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن هەڵبژێریت؟! ئەمە زۆر نایاسایی و نا مەعقولە".
ئێمە وەک جڤاتی گشتی داوامان کرد وتمان خانەی ڕاپەڕاندینش لە بۆشایی یاسایدایە بۆ ئەوەی کە ئیش و کارەکان نەوەستن ماوەکەیان بۆ درێژ بکەنەوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە وەک جڤاتی گشتی داوامان کرد وتمان خانەی ڕاپەڕاندینش لە بۆشایی یاسایدایە بۆ ئەوەی کە ئیش و کارەکان نەوەستن ماوەکەیان بۆ درێژ بکەنەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ کە بڕیارە کۆنفرانس بگیرێت، کە کۆنفرانس گیرا ئەوکاتە با هەڵبژاردن لە خوارەوە دەست پێبکەین بۆ سەرەوە ئەوکاتە جڤاتی نیشتمانی تازە هەڵبژێرێتەوە کە شەرعیەتی زیاترە ڕۆحی تازە و خەڵکی تازەدێتە پێشەوە با ئەوکاتە ئەو خەڵکانە دەنگ بە خانەی ڕاپەڕاندن بدەن ئەمەیان قبوڵ نەکرد".
هەر ئەم جڤاتی نیشتمانیەی کە ماوەی یاسایی تەواو بوە دێت دەنگ بەخانەی ڕاپەڕاندن دەدات ئەمەش گومانی تێدایە

 

ساڵح ژاژڵه‌یی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانیه‌وه‌ ده‌ڵێت، "هەر ئەم جڤاتی نیشتمانیەی کە ماوەی یاسایی تەواو بوە دێت دەنگ بەخانەی ڕاپەڕاندن دەدات ئەمەش گومانی تێدایە، چونکە بۆ گومانەکە لەچیدایە؟ 20 کەس لە جڤاتی نیشتمانی داوای پۆستیان لە حکومەت کردوە ئێ مانای ئەوەیە ئەو 20 کەسە ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن بکەن چۆنیان دەوێت وادەکەن، چونکە دەکەونه‌ ژێر باری ئەوانەوە ئەڵێت ئەگەر من دەنگی بۆ بدەم بۆ خانەی ڕاپەڕاندن ئەوا دەمکاتە بەرپرس، یا بەڕێوەبەری گشتی و هەر پۆستێک کە دوای کردوە لەبەر ئەوە ئەم دو شتەیان بەیەکەوە بەستۆتەوە کە ئەمە گومانی لەسەرە ئەمە مەسەلەکەیە".
بەپێی یاسا جڤاتی نیشتمانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ماوەی یاسایی جڤاتی نیشتمانی تەواو بوە 

 

رونیشیکردوەتەوە، "بەپێی یاسا جڤاتی نیشتمانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ماوەی یاسایی جڤاتی نیشتمانی تەواو بوە و شەرعیەتی نەماوە و لەبۆشایی یاسایدایە بۆی نیە وە ناتوانێت خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێت".
جڤاتی نیشتمانی خۆی شەرعیەتی نیە ئێ کە شەرعیەتی نیە چۆن دەتوانێت خۆی دەزگایەکی تر هەڵبژێرن، جڤاتی گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی هەمویان لەبۆشایی یاسایدان

 

 ژاژڵەیی ئەوەشی وت، "جڤاتی نیشتمانی خۆی شەرعیەتی نیە ئێ کە شەرعیەتی نیە چۆن دەتوانێت خۆی دەزگایەکی تر هەڵبژێرن، جڤاتی گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی هەمویان لەبۆشایی یاسایدان، بەڵام باشتر وابو وادە بۆ جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندنیش درێژبێتەوە تا کۆنفرانس ئەمە گومانی لەسەرە، وەک وتم هێشتا پۆستەکانی تری کەبەر گۆڕان کەوتوە له‌ حكومه‌ت پڕنەکراوەتەوە، ئێ با بوەستانایە تا ئەم سێ مانگە خۆ دنیا وێران نابێت هیچ شتێ لەپێشەوە نیە کە بوترێت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خانەی ڕاپەڕاندن هەڵنەبژێرێت ئیتر دنیا وێران دەبێت و بزوتنەوەکە لەناو دەچێتەوە".

سەبارەت بەهۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی لە بزوتنەوەی گۆران و جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ساڵح ژاژڵەیی وتی، "هۆکاری سەرەی ئەوەی کە ئەم حەوت کەسە دەستمان لەکارکێشایەوە ئەوەبو کە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی کۆبونەوەی کرد داوامان لێکردن لەپێناوی یەکڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەکەن و درێژی بکەنەوە بۆ کۆتایی ساڵ، بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەکەیان خستە بواری جێ بەجێ کردنەوە کە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەکەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، کەواتە کە بەقسەمان ناکەن و هیچ بۆچونێکمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین".
ئێـمە لە جڤاتی نیشتمانی زۆرینەمان یا هیچ نەبێت نیوەمان پێمان باش نەبو گۆڕان بچێتە ئەم حوکمەتەوە 

 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێستا ئەم بڕیارە دەدەین دیارە ئەنجامی کارەکانی لەوە و پێشە چونکە لەوەوپێشیش زۆر جار داوامان کردوە ئاوا بکرێت یا ئاوا بکرێت، بەڵام بەقسەیان نەکردوین واتە ئەمە ئەنجامە من یەک نمونە بهێنمەوە، ئێـمە لە جڤاتی نیشتمانی زۆرینەمان یا هیچ نەبێت نیوەمان پێمان باش نەبو گۆڕان بچێتە ئەم حوکمەتەوە ناڵێین حکومەت خراپە، بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی چاکسازی دەکات ناتوانرێت بە ویستی خۆی بەرنامەی خۆی جێ بەجێ بکات، چونکە بەرنامەی حکومەت هەیە، حکومەتیش هی هەموانە، وتمان نەچن باشترە بەڵام دوایی بوو بە ئەمری واقیع و چوونە حکومەت ئیتر خۆ ئێمە ساحێب بڕیار نین".
بڕیارێکی ترمان دا ئەویش یەکەم، وتمان هیچ کەسێک لەخانەی ڕاپەڕاندن خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ هیچ پۆستێک بەڵام بەقسەیان نەکردین

 

ژاژڵەیی راشیگەیاندوە، "بڕیارێکی ترمان دا ئەویش یەکەم، وتمان هیچ کەسێک لەخانەی ڕاپەڕاندن خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ هیچ پۆستێک، دوەم، وتمان هەرکەس چوە وەفدی دانوستان نابێت خۆی هەڵبژێرێت بۆ هیچ پۆستێك، كه‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرێت چونکە مەعقول نیە زەلام خۆی بچێت بۆ دانوستان بەڵام خۆی دابمەزرێنێت، سێیەم، هیچ کەس لەوانەی پۆستی پەرلەمانتاری یا حوکمیان هەبوە کاندید نەکرێن، بەڵام ئەوانەش هیچیان بەقسە نەکردین، ئێ کەواتە من بۆ لەجڤاتێکدا بم کە قسەم نەڕوات و هیچ بەقسەم نەکەن؟! کەواتە من دەچمە دەرەوە".
کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بە ئەندازەی خۆیان کاریگەرییان هەیە و دەست وەردەدەن و خاوەن بڕیارن لە هەندێک شتدا نەک هەمو شتێک

 

لە بارەی دەستوەردانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە کاروباری گۆڕان  ساڵح ژاژڵەیی دەڵێت، "من پێم وایە ئەوان بە ئەندازەی خۆیان کاریگەرییان هەیە و دەست وەردەدەن و خاوەن بڕیارن لە هەندێک شتدا نەک هەمو شتێک،  ئەگەر بشیانەوێت کاریگەرییان دەبێت چونکە ئەوانە کوڕێکی پیاوی گەورەن و ئەو خەڵکانە دەناسن لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیدا، بەڵام زانیاریم نیە ئەگەر هەمبوایە بێگومان ئێستا باسم دەکرد".

سەبارەت بەوەی ئایا بەنیازن پەیوەندی بکەن بەهیچ حیزبێکی ترەوە؟ ساڵح ژاژڵەیی وتی، "تا ئێستا نەخێر، نەهیچ حیزبێک پەیوەندی پێوەکردوین نە ئێمەش پەیوەندیمان بەهیچ حیزبێکی ترەو کردوەتەوە یا خۆمان لەناوخۆماندا ڕێککەوتنمان کردوە بڵێین وەڵا وەرن بابچینە ناو فڵانە حیزبەوە، ئێمە کە وازمان هێناوە لەبەر ناڕەزایی ئێستا هەرکەسە و ئازادە خۆی چ بڕیارێک دەدات سیاسەت دەکات یا دەچێتە ناو حیزبی ترەوە بۆ خۆم لەداهاتو با سەیری دۆخەکە بکەم بزانم دۆخ چۆنە؟، ڕەوتی تازە دروست دەبێت من ئیشی تێدا بکەم لە بەرژەوەندی میللەتەکەمدا بێت؟ بەڵام لێت ناشارمەوە لە ئێستادا ئەم دەقیقەیە هیچ بڕیارێکم نەداوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP