بەپەلە

جڤاتی گشتی گۆڕان دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵدەبژێرێت

- 9/12/2019 10:00:00 AM 1383 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جڤاتی گشتی گۆڕان ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵدەبژێرێت، کە پێکهاتون لە سەرۆک و جێگر و سکرتێری جڤاتی گشتی.
 ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتی هەڵدەبژێردرێت

 

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتی هەڵدەبژێردرێت، چەند کەسێک خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبو، بەڵام لە ئێستادا دو ماندید ماونەتەوە کە بریتین لە جەمال محەمەد و کوردە چاوشین.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی زیاتر چانسی کاندیدانی هەولێر هەیە ئەو پۆستە وەربگرن، لەبەر ئەوەی هەولێر پایتەختی سیاسی هەرێمی کوردستانە و گرنگی تایبەتی هەیە.

سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن

 

سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن، کە ئەوەی دوەمیان بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو لەگەڵ رێکخەری گشتی هەڵبژاردنی بۆ بکرێت.

 

هاوکات یاسین حەمەعەلى، ئەندامى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە وادەى خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕندن دادەخرێت و دوای ناردنی فۆڕمی كاندیدەكان بۆ ژوری یاسایی بەمەبەستی راستاندن.

وتیشی، کاتژمێر 10:00ی بەیانی رۆژی شەممەی داهاتو (14/9/2019) هەڵبژاردنى ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بەڕێوەدەچێت.

ئەندامەکەی ژورى هەڵبژاردنى گۆڕان دەشڵێت، "هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن لیژنەیەكەوە سەرپەرشتی دەكرێت كە دادوەرێك سەرۆكایەتی دەكات و دو ئەندامی ژوری یاسایی و ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان تێیدا ئەندامن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP