سەرۆک بەرهەم ساڵح پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی یونیسف کرد

- 9/12/2019 9:30:00 AM 1378 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەبۆنەی تێپەرینی 30 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ سەرۆک بەرهەم ساڵح پێشوازیکرد لە شاندێکی رێکخراوی یونیسف.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند، د. بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسف) لە عێراق حەمیدە لاسیکو، بەیاوەری ژمارەیەک منداڵی عێراق کە یونیسف چاودێریان دەکات.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە، تێپەربونی 30 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ وا لە ھەموان دەخوازێت کە کاری زیاتر بکەین بۆ پارێزگاریکردن لە منداڵان لە ھەوو جیھاندا لە پێناو بەردەوامی و گەشەپێدانیان بۆ بەدێھێنانی ئایندەیەکی باشتر.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم، جەختی لە پارێزگاری و پشتیوانی لە منداڵانی عێراق و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و تەندروست بۆیان کردەوە، ھاوکات ئاماژەی بە بەشداری لە بەرەوپێشبردنی پرۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردن کرد، کە دەبێتە ھۆکاری دابینکردنی پاشەڕۆژی خوێندن بۆ منداڵان، لە ڕێگای یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکانەوە، ھەروەھا ئەو پرۆگرامانەی کە تایبەتن بە منداڵان و ڕێکخراوی یونیسف پێی ھەڵدەستێت لە پێناو پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جیاجیاکاندا بە منداڵانی عێراق بۆ بەدەستەبەرکردنی بەرزترین ئاستی چاودێری و پارێزگاری لە مافەکانیان.

لەلای خۆیەوە نوێنەری ڕێکخراوەکە لە عێراق، ھەوڵە تایبەتەکانی عێراقی بەرزنرخاند کە پێ ھەڵدەستێ بۆ پشتیوانی لە توێژی منداڵان، چونکە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاریکردن و فێرکردن و تەندروستی بۆ ژمارەیەکی زیاتری منداڵان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP