هەواڵی ئەمڕۆ

عەلی باپیر: ئێمە لەگەڵ دەستورێکین کە ڕەنگدانەوەی تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆمان بێت

- 9/11/2019 11:46:00 PM 3337 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش ئەوەى ئەمڕۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان سەردانى مەکتەبى ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامیان کرد، لە لایەن عەلی باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و فراکسیۆنى کۆمەڵەوە پێشوازیان لێکرا.

عەبدولستار مەجید بەشداربوى کۆبونەوەکەو سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى کوردستان لە بلاوکراوەیەکدا ئامانجی سەردانەکەى ئاشکراکردوە و دەڵێت " ئامانجى سەردانى ئەم بەڕێزانە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵ و زانینینی دید و هەڵوێستی ئێمە لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان بوە" .

دەربارەى پرسی دەستورعەلی باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى رایگەیاندوە" دەستور پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، ئەرک و مافی هاوڵاتی و دەسەڵات و سیستمی سیاسیی وڵات دیاریی دەکات ".

عەلى باپیر وتوشیەتى "ئێمە لەگەڵ دەستورێکین، کە ڕەنگدانەوەی تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆمان بێ و دەستەبەری یەکڕیزی و پێکەوەیی سیاسیی بکات" .

عەلى باپیر وتوشیەتى "کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانییدایە کە بنەماکانی دادپەروەریی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت" .

دەربارەى رۆلى ئاین لە دەستورى هەرێمى کوردستان ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى رایگەیاندوە"پێگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام وەک ئاین و باوەڕی زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان دەبێ لە دەستوری هەرێمی کوردستاندا پارێزراو بێت و هیچ بڕگە و مادەیەکیشی نابێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە مافی سەرجەم پێکهاتە و کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکە کە بەشێکن لە کۆمەڵگەی ئێمە بپارێزرێت ".

دەربارەى کێشەکانى هەرێم و بەغداد عەلی باپیردەڵێت" پێویستە حکومەتی هەرێم لەم بابەتەدا ژیرانە و هەستیارانە مامەڵە بکات، بەرژەوەندی و گوزەرانی خەڵک و موچەخۆران بخاتە پێش بەرژەوەندی کەمینەیەکی دەستڕۆیشتوو کە قازانجیان لە ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدادایە" .

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ کە بەشداری کۆبونەوەکە بو ڕایگەیاند "ئێمە پرۆژەیاسایەکی زۆر باشمان بێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە بۆ دروستکردنی دەستەی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەیاساییکردنی ئەو دۆسێیە و دەرهێنانی لە دەست و ئەجێندای هەندێ حزب و شەخس" .

دەربارەى پرسی کەرکوک، عەلی باپیر ئاشکرایکرد "سیاسەتی هەڵە و بەرژەوەندی حزبیی و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە لە کەرکوک، دۆخێکی خولقاندوە کە بەتەواوی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی کورد و دیمۆگرافیای شارەکە کردوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەی لایەنگری یەکڕیزی و پێکەوەیی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانین لەو شارە، بەڵام بە هەمو شێوەیەکیش دوبارەکردنەوەی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتی ڕابردوی کەرکوک ڕەتدەکەینەوە و بەسەرچاوە و هۆکاری سەرەکی هەمو ئەو نەهامەتیانەی دەزانین کە بەسەر خەڵک و خاکی کەرکوکدا دێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP