پەرلەمانی کەنەدا هەڵوەشێنرایەوە

- 9/11/2019 6:10:00 PM 6053 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندوەتەوە و ئەوەش نیشانەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی فێدراڵی كەنەدا لە رێكەوتی 21ی تشرینی یەكەمدا.

داوای لە حاكمی گشتی كەنەدا كرد، پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵبوەشێنێتەوە 

ئەمرۆ چوارشەممە، جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا كە لەئێستادا ماوەی حكومڕانیەكەی كۆتایی هاتوە، چاویكەوت بە جولی پاییت، حاكمی گشتی كەنەدا، تا داوای لێبكات پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵبوەشێنێتەوە، كە پاییت رۆڵی نوێنەری شاژنە ئێلیزابێسی دوەم-ی بریتانیا دەبینێت لە حكومڕانی كەنەدادا.

لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ترودۆ رایگەیاند "چاومكەوت بە حاكمی گشتی كەنەدا و پاش ئەوەی داواكاریەكم سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵات خستە بەردەمی، حاكمی گشتی داواكاریەكەی پەسەندكرد".

ترودۆ دەستیكرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتەكەی خۆی و گەیشتن بە پێگەی سەرۆك وەزیران بۆ جاری دوەم

ترودۆ، كە سەركردەیەكی باڵی لیبراڵەكانی كەنەدایە و تەمەنی 47 ساڵە، لە ئێستادا پاڵێوراوەتەوە بۆ خولی داهاتوی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی، دەستبەجێ پاش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش ترودۆ دەستیكرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتەكەی خۆی و گەیشتن بە پێگەی سەرۆك وەزیران بۆ جاری دوەم.

هاوكات رادیۆی فەرمی سی بی سی كەنەدی رایگەیاند "ترودۆ بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەكە، ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی فێدراڵی 43هەمینی پەرلەمانی كەنەدا، لە رێكەوتی 21ی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP