هه‌فته‌ی داهاتو شاندێكی هه‌رێم ده‌چێـه‌ به‌غدا
جوتیار عادل: حکومەتی هەرێم ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 له‌گه‌ل عێراق تاوتوێ ده‌كات

- 9/11/2019 5:16:00 PM 1243 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ تاوتوێ كردنی ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 هه‌فته‌ی داهاتو شاندێكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ .

جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ورده‌كاری چه‌ند بڕیار و هه‌نگاوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی رونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، وه‌كو هه‌رێم تایبه‌ت به‌ پرسی بودجه‌  له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی ئه‌و بابه‌ته‌ باس بكه‌ین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهێناوه‌ و هه‌فته‌ی داهاتو سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌شنوسی بودجه‌ی 2020 و خستنه‌ڕوی تێبینیه‌كانمان .

وتیشی، "بڕیاردراوه‌ سه‌رژمێری ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆ له‌گه‌ل عێراق ده‌كه‌ین به‌ تایه‌بت له‌سه‌ر پرسی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌م پرسه‌ لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پلاندانان پێكهێنراوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم رونه‌ ئه‌ویش جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 كه‌ تیایدا هاتوه‌ سه‌رژمێری بكرێت" .

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌زیری په‌روه‌رده‌ پێویستیه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی خسته‌ڕو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێویستیان به‌ بڕیاری په‌له‌ هه‌یه‌ بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌، وه‌ك نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگاكان و دابین كردنی پێویستیه‌كانی خوێندكاران و مامۆستایان، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێویست بون بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاری پێویستیان بۆ دراوه‌ به‌ڵام هه‌ندێ له‌و بابه‌تانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ لایه‌نی دارایی هه‌یه‌ .

راشیگه‌یاند، نه‌وتی سپیى كاری له‌سه‌ر كراوه‌ بڕیاردراوه‌ 259 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی دابه‌ش بكرێت پێش هاتنی زستان .

بەگوێرەی وتەکانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رێكخستنه‌وه‌ بۆ باج ده‌کرێت، كۆمه‌لێك یاسا ی  په‌یوه‌ندیدار به‌ باج پێداچونه‌وه‌یان بۆ دەکرێت، "له‌ ئێستادا كێشه‌یه‌ك له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج هه‌یه‌ و هه‌ندێ كێشه‌ و گرفت هه‌ن كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك چاره‌سه‌ر ده‌كرێن".

"هه‌ندێک پێشنیار هه‌ن وه‌كو رێژه‌ پشكی هه‌رێم ده‌ستنیشان بكرێت به‌پێی ده‌ستور كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوان پشكی هه‌رێم ده‌ستنیشان ده‌كرێت ، لای ئێمه‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كار بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش گفتوگۆ له‌گه‌ل حكومه‌تی عێراقی ده‌كه‌ین" جوتیار عادل لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وای وت .


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP