ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە
پارتی بە فەرمی کاندیدی پۆستی پارێزگاری هەولێر پێشکەش دەکات

- 9/11/2019 4:17:00 PM 2978 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سبەی پێنجشەممە کۆدەبێتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەفەرمی کانیدیدی حزبەکەی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر پێشکەش کرد، کە فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پێشوی ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی کوردستان.
ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی پێشنیازی د. فرسەت سۆفی دەکەین بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر

 

لە نوسراوێکدا کە واژۆی کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای لەسەرە تیایدا هاتوە، "بەگوێرەی ماددەی یەکەم لە بڕگەی یەکەم لە هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لەپەرلەمانی کوردستان دەرچوە، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی پێشنیازی د. فرسەت سۆفی دەکەین بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر".

پێشکەشکردنی ناوی فرسەت سۆفی لەکاتێکدایە دوێنی نەوزاد هادی دەستی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر کێشایەوە و ئەمڕۆش راژەکەش گوازرایەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
سبەی پێنجشەممە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر فرسەت سۆفی بۆ پۆستی پارێزگای هەولێر دەدات

 

هاوکات عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە نوسراوێکدا ئاگاداری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەی کردوەتەوە کە سبەی پێنجشەممە ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە و دەنگدان لەسەر فرسەت سۆفی بۆ پۆستی پارێزگای هەولێر.

فرسەت سۆفی لە دایکبوی ساڵی 1978ەو لە چۆمان، دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە و مامۆستا بوە لە زانکۆی سەڵاحەدین و دوای ئەوەی وادەی پەرلەمانتاری لە خولی رابردودا لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات گەڕایەوە سەر کارەکەی.

فرسەت سۆفی یەکێک بو لە ئەندامانی شاندی دانوستارکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP