سەرۆکی پێشوی ئیندۆنیزیا کۆچی دوایی کرد
خەندان وێستگە گرنگەکانی ژیانی بڵاودەکاتەوە

- 9/11/2019 2:46:00 PM 1690 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان بڵاویانکردەوە کەمێک بەرلەئێستا سەرۆکی پێشوی ئیندۆنیزیا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵێکی چارلۆت ئۆبسێرڤەر، کەمێک بەرلەئێستا باچارودین حەبیبی سەرۆکی پێشوی ئیندۆنیزیا لەتەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حەبیبی لەساڵی 1936 لەدایک بوە و دەرچوی بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانییە.

کارکردنی وەک جێگری سەرۆکی ئیندۆنیزیا
پاش قبوڵکردنی وەک سەرۆک لەخولی حەوتەمی سەرۆکایەتی ئیندۆنیزیا، سوهارتۆ چەند پێوەرێکی بۆ دەستنیشانکردنی جێگری خۆی بڵاوکردەوە بەبێ ئاماژەکردن بە حەبینی، بەڵام بەوپێیەی تواناو لێهاتوی لەزانست و تەکنۆلۆژیا کرابوە مەرجی سەرەکی، رون و ئاشکرابو کە سوهارتۆ دەیویست حەبیبی بکاتە جێگری خۆی.

هەر لەو ساڵەدا و لەسەروبەندی قەیرانەکانی ئاسیادا پێشنیاری قبوڵکردنی وەک جێگری سەرۆکی ئیندۆنیزیا بەخراپی پێشوازی لێکرا و بەهای دراوی ئیندۆنیزی ( روپیە) هاتەخوارەوە. 

سەرەڕای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆر کە ئیمیل سالمی وەزیری پێشوی ئیندۆنیزیا بەنیازی ئەو پۆستەبو، لەمانگی ئاداری ساڵی 1998 دا حەبیبی وەک جێگری سەرۆکی ئیندۆنیزیا دەستنیشانکرا.

ماوەی کارکردنی وەک سەرۆکی ئیندۆنیزیا
سەرۆکی پێشوی ئیندۆنیزیا لایەنگر و دڵسۆزێکی سەرسەختی دیکتاتۆر سوهارتۆ بوە بەجۆرێک کاتێک سوهارتۆ بەهۆی خۆپیشاندانی بەرفراوانی قوتابیان و خوێندکارانەوە ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە کرا، حەبیبی پێشنیارکردبو بۆ جێگرەوەی خۆی.

باچارودین حەبیبی تەنها یەک ساڵ (1998-1999) سەرۆکی ئیندۆنیزیا بوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا راگەیاندنی وڵاتەکەی یاسای پارتە سیاسییەکانی ئازادکردوە و لەساڵی 1999 رێگەی بۆ هەڵبژاردنێکی ئازادانە خۆشکرد کە  کۆتایهاتنی دەسەڵاتەکەی خۆی لێکەوتەوە.

لەئیندۆنیزیا ماوەی سەرۆکایەتی حەبیبی بەسەردەمی راگوزەری دوای سوهارتۆ هەژماردەکرێت کە پاش سەربەخۆیی سێیەمین و کورترین ماوەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەبوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP