مەسعود بارزانی: داعش له‌ روی به‌ره‌ییه‌وه‌ شكاوه‌، به‌ڵام خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌

- 9/11/2019 2:36:00 PM 710 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی و برایان مەکفیتێرز، جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق لە سەلاحەددین کۆبونەوە و بارزانی رایگەیاند، داعش له‌ روی به‌ره‌ییه‌وه‌ شكاوه‌، به‌ڵام خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، لە دیدارەكەدا كە ستیڤ ڤیگن، كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بو جێگری سەرۆکی نێردەی نوێی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هاتون تێڕوانینی مەسعود بارزانی لەبارەی کۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ببیستن.
مەسعود بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە، پشتیوانیی دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور

 

لە دیدارەکەدا باسی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و مەسعود بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە، پشتیوانیی دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور، هەروەها دۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعش خرایە بەر باس.

 

 داعش لەڕوی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچون و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن

 

مەسعود بارزانی رایگەیاند، ئەگەرچی داعش لەڕوی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچون و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن، هەروەها تەئکیدی کردەوە کە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەمولایەک، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیک و بۆ هەندێکی تر هەڕەشەکە دورمەودایە، ئەو هۆکارانەش کە داعشیان دروست کرد وەکخۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140 تاتوێ كرا، هاوکات بارودۆخی سوریا تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە بو، بارزانی نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخ و داهاتوی گەلی كورد لە سوریا بە شاندی میوان راگەیاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP