داوا ده‌كرێت بڕیارى سزادانی ئه‌و ماڵانه‌ی پێوه‌رى ئاویان نه‌به‌ستوه‌ بوه‌ستێندرێت

- 9/11/2019 2:22:00 PM 3087 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنه‌ى ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵاو لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان کۆبوەوە و تاوتوێی پرسی پێوه‌رى ئاوى ماڵان و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دروست بون كراون.

بەپێی راگەیەندراوی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنه‌ى ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵاو لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان باس له‌ پرسی پێوه‌رى ئاوى ماڵان و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دروست بون كراون و پێشنیازكرا به‌راگرتنی پڕۆسه‌ی دانانى پێوه‌رى ئاوى ماڵان تا كۆتاییهاتنی كارى لیژنه‌ بۆ به‌دواداچونی بۆ ئه‌و پرسه‌ له‌ رێگه‌ی ئاڕاسته‌كردنی نوسراوێك بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە نوسراوێك ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى نوسراوێك بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ستاندنی ئه‌و سزایه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ 1/9/2019 له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییانه‌ جێبه‌جێ بكرێ كه‌ پێوه‌رى ئاویان نه‌به‌ستوه‌ تا كۆتاییهاتنی كارى لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لیژنه‌ی لاوه‌كیی هاوبه‌شى نێوان هه‌ردو لیژنه‌ی ده‌سپاكی و لیژنه‌ی شاره‌وانیی په‌رله‌مان له‌ به‌دواچونه‌كانیان به‌رده‌وام دەبن تاده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام، دواتر بانگهێشتی وه‌زیری شاره‌وانی دەكرێت بۆ لیژنه‌كه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP