هەرێمی کوردستان؛ کاردەکرێت گرنگی زیاتر بە گه‌شتوگوزاری ئاینی بدرێت

- 9/11/2019 1:28:00 PM 857 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر
 
وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزار رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ گرنگی دان به‌ گه‌شت و گوزاری ئاینی هه‌نگاوی باشیان ناوه‌، به‌ڵام زۆری ماوه‌ و پێویستی به‌ كاری زیاتره‌ و نه‌توانرا وه‌ك پێویست گرنگی به‌ گه‌شت و گوزاری ئاینی بدرێت.

به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گفتوگۆیه‌ك له‌باره‌ی گرنگی دان به‌ گه‌شتوگوزاری شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانی پێكهاته‌كان و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی گه‌شت و گوزاری ئاینی به‌ڕێوه‌چو.
گرنگی دان به‌ شوێنه‌واره‌ ئاینیه‌كان و بنه‌ماكانی ئاینیی به‌ لای ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزار زۆر گرنگه‌

 

نادر رۆستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "گرنگی دان به‌ شوێنه‌واره‌ ئاینیه‌كان و بنه‌ماكانی ئاینیی به‌ لای ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزار زۆر گرنگه‌، گه‌شتوگوزاری ئاینی یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌كانی گه‌شت و گوزار كه‌ له‌ ساڵی 2012ه‌وه‌ كارمان له‌سه‌ر كردوه‌، له‌ روی كاركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی رێبه‌ری و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان كاری باشمان كردوه‌، به‌ڵام زۆری ماوه‌".
ساڵی رابردو زیاتر له‌ سێ ملیۆن گه‌شتیار رویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردو زیاتر له‌ سێ ملیۆن گه‌شتیار رویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و پلانیان هه‌یه‌ ئه‌مساڵ ئه‌و ژماره‌ بگه‌یەننه‌ 3.5 ملیۆن گه‌شتیار، له‌وانه‌ش ژماره‌یه‌كی كه‌م گه‌شتیاری ئاینین، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌روی گه‌شت و گوزار وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌ بكه‌ن و گرنگی زیارتری پێبده‌ن.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "به‌هۆی قه‌یران و ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هات نه‌توانرا وه‌ك پێویست گرنگی به‌ گه‌شتوگوزاری ئاینی بدرێت، هه‌ندێ هه‌نگاومان ناوه‌، به‌ڵام هه‌نگاوی زیاتر و كاری زیاری پێویسته‌ له‌ ساڵانی داهاتو كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین،.

رۆستی رونیشیکردەوە، له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆری شوێنه‌واری ئاینه‌ جیاوازه‌كان هه‌ن، رێبه‌ریێكیان ئاماده‌كردوه‌ 22 شوێنی پێنج ئاینی له‌ خۆگرتوه‌ به‌ دو زمان چاپ كراوه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP