بەپەلە

رێواز فایەق: كۆندەنگی لەسەر بابەتە چارەنوسسازەكان دروستدەكەین

- 9/11/2019 12:03:00 AM 1957 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان جەخت لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عیراق لە چوارچێوەی دەستوردا دەكەنەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی كرد لە ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان.
چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالیی عیراق لە چوارچێوەی دەستوردا

 

لە كۆبونەوەیەكدا د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك كونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، باسی لە دواین پێشهات و رەوشی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق كرد و ئاماژەی بەهەوڵەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی چارەنوسساز لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەنوسینەوەی دەستوری هەرێم و پرۆسەی چاكسازی و چەسپاندنی ئارامی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان و هەماهەنگیی زیاتر و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالیی عیراق لە چوارچێوەی دەستوردا.

پەیوەندیی مێژویی نێوان گەلی كورد و گەل و حكومەتی فەڕەنسا تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان سەرۆكی پەرلەمان و كونسوڵی گشتیی فەرەنسا بو، لەوبارەیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سوپاسی حكومەت و گەلی فەرەنساو هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی دژ بەداعش هاوكارو پشتیوانی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بون و هیوای خواست كە پەرلەمان و حكومەتی فەرەنسا دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا لە سێكتەرە جیاوازەكاندا و كونسوڵی فەرەنساش رۆڵی كاریگەری خۆی لەو چوارچێوەیەدا ببینێ.

لە بەرامبەردا كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی و وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوردا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP