هەفتەی داهاتو ئەگەری بارانبارین هەیە
پێشبینیەكانی كەشوهەوای وەرزەكانی پایز و زستان بڵاوكرایەوە

- 9/10/2019 10:58:00 PM 25958 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامی لیژنەی شارەزایانی رێكخراوی كەشناسی جیهانی كەشوهەوای پێشبینیكراوی هەردو وەرزی پایز و زستانی ئەمساڵی بڵاوكردوە و رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لەشارەكانی هەرێم باران دەبارێت.

سادق عەتیە، ئەندامی لیژنەی شارەزایانی رێكخراوی كەشناسی جیهانی و بەڕێوەبەری دەزگای كەشناسی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، هاوپێچ لەگەڵ دو نەخشە، پێشبینیەكانی كەشی وەرزەكانی پایز و زستانی ئەمساڵی بڵاوكردوەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردوە "لە پایزی ئەمساڵدا، بە شێوەیەكی گشتی باران لە سەرجەم شارەكان دەبارێت و لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رێژەی بارانبارینەكە زیاتردەبێت و لە وەرزی زستانیشدا بە هەمانشێوە رێژەی بارانبارین لە شارەكانی هەرێم زیاتر دەبێت لە خواروی عێراق".

لە هەمانكاتدا، بە گوێرەی بڵاوكراوەكەی سادق عەتیە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتودا و لە زۆربەی شارەكان بە شێوەیەكی كاتی پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و با-ی ئاسایی و شێیەكی كەم لە شارەكانی بەسڕە و میسان دەبێت.

هاوكات لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا هەوری بچڕ بچڕ دەبێت و ئەگەری بارانبارین هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP