وێنە و ڤیدیۆ.. ئیسرا خۆی كوشت یاخود كوژرا
"هۆكاری هاوارەكانی ئیسرا لە نەخۆشخانە، دەركردنی جنۆكە بوە لە جەستەیدا"

- 9/10/2019 8:37:00 PM 35734 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئیسرا غەریب، كچێكی تەمەن 21 ساڵی دانیشتوی ناوچەی بیت ساحور بو لە فەلەستین، كە لە ئارایشتگایەكدا كاری دەكرد و لە هەمانكاتدا خوێندكاری زمانی ئینگلیزی بو لە زانكۆی بیت لحم، پێش چەند مانگێك كەسێك داوای هاوسەرگیری لێكرد، دواتر بە شێوازێكی گوماناوی گیانیلەدەستدا و تا ئێستاش تەرمەكەی لە شیكاری دادوەریە.

تا ئێستا ئاڵۆزی لە هۆكار و شێوازی مەرگی ئیسرادا هەیە، بەو هۆیەوە نۆ پزیشكی دادوەری دەستیان لە كارەكانیان هەڵگرتوە و ئاماژەیان بەوەكردوە "كەیسەكەی ئیسرا كێشەی زۆری تێدایە و دۆخەكە لەبارنیە بۆ وتنی زۆر شت"، كە لە ئێستادا زۆرینەی بەڵگەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی باوك و براكانی و هاوسەری خوشكەكەی كوشتویانە.

لە لایەن باوكی و براكانیەوە بە خراپی لێیدەدرێت و پرۆسەی هاوسەرگیریەكەی لەگەڵ ئەو گەنجەدا كۆتایی پێدەهێنرێت

پێش چەند مانگێك، گەنجێك لای خێزانەكەی ئیسرا داوای هاوسەرگیری لەگەڵ ئیسرا كردوە و خێزانەكەی ئیسراش پەسەندیان كردوە،  پاش ماوەیەك ئیسرا لەگەڵ ئەو گەنجەدا و بە یاوەری خوشكەكەی بە ئاگاداری دایكی دەچنە دەرەوە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی ماوەكورت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاودەكەنەوە، پاش ئەوەی كچی مامێكی ئەو ڤیدیۆیە دەبینێت باوك و براكانی لێ ئاگادار دەكاتەوە كە پێش ئەوەی بە شێوەیەكی فەرمی ببنە دەزگیراندار چونەتە دەرەوە، بەوهۆیەوە ئیسرا لە لایەن باوكی و براكانیەوە بە خراپی لێیدەدرێت و پرۆسەی هاوسەرگیریەكەی لەگەڵ ئەو گەنجەدا كۆتایی پێدەهێنرێت.

پێویستە نەشتەرگەریم بۆ ئەنجامبدرێت و گەر سەركەوتو نەبێت ناتوانم چیتر كاربكەم

پاش ئەوەی روبەڕوی زەبرێكی توند دەبێتەوە، بڕبڕەی پشتی دەشكێت و شوێنەواری لێدان بە جەستەیەوە بە تەواوی دەردەكەوێت، ئیسرا لە لایەن خێزانەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت و بە گوێرەی دو بڵاوكراوەی ئیسرا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، كە داوای لێبوردنی لەو كەسانە كردوە لە ئارایشتگا سەرەی بۆ داناون ناتوانێت بەپێی كارنامەكەی بڕوات بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی باش نیە و ناتوانێت بجوڵێت، لە بڵاوكراوەكەیدا دەڵێت "پێویستە نەشتەرگەریم بۆ ئەنجامبدرێت و گەر سەركەوتو نەبێت ناتوانم چیتر كاربكەم".

ئیسرا لە نەخۆشخانە داوای پۆلیس دەكات و كەسوكارەكەشی دەڵێن جنۆكەمان لە جەستەی دەركردوە

دواتریش لە نەخۆشخانە، هاوسەری خوشكەكەی لەگەڵ براكانی و باوكی چونەتە نەخۆشخانە و لەوێش بە هەمانشێوە بە توندی لێیانداوە، لەكاتێكدا هیچ كەسێك لە نەخۆشخانەكە نەچوە بەدەم هاوارەكانی ئیسرا-وە، پەرستاری تایبەت بە ژورەكەی ئیسرا و چالاكوانان لەو شوێنە گرتەی ڤیدیۆییان تۆماركردوە كە لە نەخۆشخانەكەدا هاواری ئیسرا دەبیسترێت و داوای هاوكاری پۆلیس دەكات، بەهانەی كەسوكارەكەی ئیسرا-ش (دەركردنی جنۆكە) بوە كە لە جەستەی ئیسرادا بوە.

وتەكانی هاوسەری خوشكەكەی ئیسرا لەگەڵ وتەی خێزانەكەیدا یەكناگرێتەوە

دەستبەجێ پاش ئەو بەهانەیە، لیژنەی فەتوای فەڵەستین و لایەنە پەیوەندیدارەكان رەتیانكردەوە هۆكاری ئەو لێدانە پەیوەندی بە دەركردنی جنۆكەوە بوبێت و هیچ هۆكارێك نابێتە بەهانە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆییەكدا، هاوسەری خوشكەكەی ئیسرا داوادەكات هێرشنەكرێتە سەر خێزانەكەی و ئیسرا هیچ كێشەیەكی دەرونی نەبوە، كە ئەو وتانە یەكناگرێتەوە لەگەڵ وتەی خێزانەكەی ئیسرادا.

خێزانەكەی ئیسرا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردبو "ئەو وتانەی بڵاوكراونەتەوە تەنها دەنگۆیە و ئیسرا كێشەی دەرونی هەبوە، هزری كێشەی هەبوە كە بەو هۆیەوە دۆخەكەی خراپتربوە و شكانی بڕبڕەی پشتی و شوێنە كوتراوەكانی جەستەی بەهۆی ئەوەوە بوە خۆی لە سەربانی ماڵەوە فڕێداوەتە خوارەوە".

براكەی زەبرێكی بەهێزی لە سەری داوە و بەوهۆیەوە بێهۆشبوە و دڵی لەكار وەستاوە

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە راگەیاندنەكان بڵاوكراونەتەوە، برایەكی ئیسرا لە كەنەدا بوە و لە رێگەی تەلەفۆنەوە وتویەتی دەگەڕێتەوە و گەر ئیسرا لە نەخۆشخانەش بچێتە دەرەوە ناهێڵێت بەردەوامی بە ژیانی بدات، پاش ئەوەی ئیسرا لە نەخۆشخانە چوەتە دەرەوە، براكەی زەبرێكی بەهێزی لە سەری داوە و بەوهۆیەوە بێهۆشبوە و دڵی لەكار وەستاوە، دواتریش لە رێكەوتی 29ی ئابدا هەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوكرایەوە.

پاش گیانلەدەستدانی ئیسرا، بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەیەكی بەرفراوانیان هەبو و زۆرینەی خەڵك و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژنان پەنجەی تۆمەت و هۆكاری كوشتنەكە ئاراستەی خانەوادەكەی ئیسرا دەكەن، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی خانەوادەكەی لەو ماوەیەدا كاردانەوەیان دژیەك و جیاوازیان هەبێت.

محەمەد سافی، هاوسەری خوشكەكەی ئیسرا ویستویەتی دەستدرێژی بكاتە سەری

پارێزەری ئیسرا كە ناوی مەنار حویتات-ە، لە هەژماری تایبەتی خۆی سەبارەت بە وردەكاری چۆنیەتی كوشتنی ئیسرا نوسویەتی "هاوسەری خوشكەكەی ئیسرا چەندین جار هەوڵی ئەوەیداوە دەستدرێژی بكاتە سەری و كۆتاجار پاش ئەوەی براكانی ئیسرا زۆریان لێداوە و چونەتە دەرەوە، محەمەد سافی، هاوسەری خوشكەكەی ئیسرا ویستویەتی دەستدرێژی بكاتە سەری، بەڵام ئیسرا چوەتە سەربانی ماڵەكەیان و هەڕەشەی كردوە خۆی بخاتە خوارەوە، هاوسەری خوشكەكەشی پێی وتوە "من فڕێت دەدەمە خوارەوە".

محەمەد سافی بە هاوكاری ئەفسەرێكی پۆلیسی ژن، لەگەڵ بەڕێوەبەری دەستەی پەرستارانی نەخۆشخانەكە، چوەتە ژورەكەی ئیسرا و لێیداوە

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەكاتێكدا ئیسرا لە نەخۆشخانە بوە، محەمەد سافی بە هاوكاری ئەفسەرێكی پۆلیسی ژن، لەگەڵ بەڕێوەبەری دەستەی پەرستارانی نەخۆشخانەكە، چوەتە ژورەكەی ئیسرا و لێیداوە، وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، ئیسرا هاوار بۆ پۆلیس دەكات و لە ترسی سافی و ئازارەكانی خۆی چەندینجار هاواردەكات، پەرستاری ژورەكەی ئیسراش رایگەیاندوە، دەنگی هاوارەكانی ئیسرای بەو مەبەستە تۆماركردوە كە دواتر روبەڕوی بەرپرسیاریەتی یاسایی نەبێتەوە.

نۆ پزیشك لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری فەلەستینی بۆ توێكاری تەرمەكەی ئیسرا و سەبارەت بەو كەیسە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند

رێكەوتی 8ی ئەیلول، نۆ پزیشك لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری فەلەستینی بۆ توێكاری تەرمەكەی ئیسرا و سەبارەت بەو كەیسە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند، كە پێویست بو لە نوسینەوەی راپۆرتی پزیشكی تایبەت بە ئیسرا غرەییب  بەشداربن كە ئەندامی لیژنەی توێكاری ئو تەرمانەن كە بە تاوان كوژراون، بەڵام سەرجەمیان و بە یەكجار دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە".

چەند سەرچاوەیەكیش بڵاویانكردوەتەوە، هەندێك دەستدرێژی و هەڕەشە كاریگەری هەبوە لە كارەكانی ئەو پزیشكانە و بونەتە هۆی  ئەوەی بەشێك لە لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە پزیشكی دادوەری دوابكەوێت، كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بە كەیسەكەی ئیسرا غرەییب-ەوە هەیە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دادی فەلەستین رەتیكردەوە سێ لەو پزیشكانەی دەستیان لە كارەكانیان كێشاوەتەوە پەیوەندیان بە كەیسەكەی ئیسرا غرەییب-ەوە هەبێت و لە توێكاری و بەداوداچونی كەیسەكەدا بەشداریان نەكردوە، بەڵكو خۆیان رەخنەیان لەسەربوە و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

دایك و خوشكەكەی ئیسرا لە لایەن پیاوەكانی خێزانەكەیانەوە هەڕەشەیان لەسەرە و ژیانیان لە مەترسیدایە

پارێزەرەكەی ئیسرا، لە بڵاوكراوەیەكی دیكەیدا و پاش مەرگی ئیسرا نوسیویەتی، "دایك و خوشكەكەی ئیسرا لە لایەن پیاوەكانی خێزانەكەیانەوە هەڕەشەیان لەسەرە و ژیانیان لە مەترسیدایە، كە پێدەچێت لەژێر فشاردا رایبگەیەنن ئیسرا بە شێوەیەكی ئاسایی گیانیلەدەستداوە و نەكوژراوە"، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كردوە حوكمی پارێزبەندی بۆ دایك و خوشكەكەی ئیسرا دەربكەن تا بتوانن بە تەواوی هۆكاری گیانلەدەستدانەی ئیسرا بخەنەڕو".

لە پەیامێكیشدا بۆ هەواداران و فۆڵۆوەرانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرامه‌ پێش مردنی، ئیسرا لە نەخۆشخانە نوسیویەتی "من بەهێزم، چیتر نامە مەنێرن و پێم بڵێن بەهێزبە، گەر بەهێز نەبومایە ئێستا بەرگەی ئەم ئازارەم نەدەگرت و دەمێكبو گیانم لەدەستدابو".

دۆسیەی ئیسرا بە كراوەیی ماوەتەوە و تەرمەكەی لە پزیشكی شیكاریە

تا ئێستا دۆسیەی ئیسرا بە كراوەیی ماوەتەوە و تەرمەكەی لە پزیشكی شیكاریە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی بەڵگەكان ئاماژە بۆ هەبونی توندوتیژی و زەبر دەكەن كە لە لایەن پیاوەكانی خێزانەكەی ئیسراوە ئەنجامدراوە، بەڵام دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان زیاتر بە ئاڕاستەی گوفتارە و لە لایەنی كردارییەوە هەنگاوێكی ئەوتۆ دیارنیە.

كوشتن و ئازاردانی ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر و لەژێر ناوی چەندین تۆمەتدا، یاخود بێ هیچ بەهانەیك و پەردەپۆشكردنیان بە شێوازی تایبەت و بە هاوكاری خێزانەكانی كچەكان خۆیان یاخود كەسانی دەسەڵاتدار لە سەرتاسەری جیهان و لەمێژە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەو حاڵەتانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاوترە و زۆربەی جار هۆكارەكان بە نەزانراوی دەمێنێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP