سەرۆك كۆمار پرسەنامەیەك ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیانی كەربەلا دەكات

- 9/10/2019 7:53:00 PM 2096 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری عێراق، لە دوایین بڵاوكراوەیدا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی كەسوكاری ئەو قوربانیانە دەكات، كە بە مەبەستی زیارەتكردنی ئیمام حسەین سەردانی شاری كەربەلایان كردبو.

دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكاری ئەو 31 زیارەتكارەی كەربەلا كرد، كە ئەمرۆ سێشەممە لە یادی عاشورادا بەهۆی داڕمانی راڕەوێكەوە گیانیانلەدەستدا، هاوكات داوای شیفای بەخێری كرد بۆ بریندارانی روداوەكە.

بە نیگەرانیەكی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبون و برینداربونی ژمارەیەك زیارەتكاری كەربەلامان پێگەیشت

لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كرمەڵایەتی تویتەر، سەرۆك بەهەرم رایگەیاندوە "بە نیگەرانیەكی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبون و برینداربونی ژمارەیەك زیارەتكاری كەربەلامان پێگەیشت، كە بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی زیارەتكردنی ئیمام حسەین (رەزاری خوای لەسەربێت) هاتبونە ئەو ناوچەیە".

داواكارین لە یەزدانی مەزن و باڵادەست بە باشترین پلە شەهیدەكان پەسەندبكات

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەدا هاتوە "بەهۆی ئەو روداوە سەختەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی مەرجەعی باڵای ئاینی و جیهانی ئیسلامی و كەسوكاری شەهیدەكان دەكەین و داواكارین لە یەزدانی مەزن و باڵادەست بە باشترین پلە شەهیدەكان پەسەندبكات و شیفای خێرای برینداران بدات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP