کۆریای باکور: ئامادەین گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەینەوە

- 9/10/2019 4:14:00 PM 406 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-     

جێگیری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان.

بەپیی هەواڵێکی BBC، ئەمڕۆ سێشەممە چۆی سۆن هۆی، جێگیری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور رایگەیاندوە، "کۆریای باکور ئامادەیە بۆ جارێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بکات، لەبارەی کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور".

ئەو لێدوانەی چۆی سۆن هۆن دوابەدوای ئەوە دێت کە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمرکا رایگەیاند، هیواخوازوە ئەمریکا و کۆریای باکور جارێکی دیکە درێژە بە گفتوگۆکانی نێوانیان بدەن.

بۆ یەکەمین جار لە 12 ی حوزەیرانی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لە سەنگافورە کۆبونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەشتنیان واژۆکرد کە چەندین سەرەداوی رێککەوتنێکی گەورەی تێدا بەیانکرابو.

کۆبونەوەی دوەمی نێوان هەردو سەرۆک لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ بو لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام کە تیایدا بەبێ هیچ ئەنجامێک و پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کۆبونەوەکە کۆتایهات.

30ی حوزەیرانی ئەمساڵیش جارێکی دیکە ترەمپ و کیم لە ناوچەی داماڵراوی سەربازی نێوان کۆریای باکور و باشور بۆ جاری سێیەم کۆبونەوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP