حکومەتی سوریا ئیدانەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا دەکات

- 9/8/2019 1:50:00 PM 2126 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
کەمێک بەرلەئێستا حکومەتی سوریا ئیدانەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیای کرد و بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتەکەی لەقەڵەمدا.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، دوانیوەڕۆ ئەمڕۆ پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا-تورکیا لەسنورەکانی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی  سوریا راگەیەنراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی کرد و بەپێشێلکاری ئاشکرای سەروەری خاکی وڵاتەکەی وەسفکرد.

لە راگەیەنراوەدا هاتوە، جگەلە پێشیلکردنی سەروەری خاکەی وڵاتەکەی، هاوکات ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا مەترسی بۆ یەکگرتویی خاکی وڵاتەکەی دروستدەکات.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەمەبەستی بەشداریکردن لەئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئەمریکا، تانک و زرێپۆشەکانی سوپای تورکیا لەناوچەی باکوری سوریاوە لەنزیک ناوچەی تەل ئەبیەز پرۆسەی گەڕان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیان دەستپێکرد.


نیشانەکردن :

#سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP