بەپەلە

خەندان وردەکاری دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە بڵاودەکاتەوە

- 9/7/2019 2:33:00 PM 152794 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند، سبەی یەکشەممە موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە خەندان-ی رایگەیاند، رۆژی دوشەممە لەبەرئەوەی پشوە و موچەی ھیچ شوێنێک دابەش ناکرێت، بەڵام ڕۆژی سێشەممە دوبارە دەستبەدابەشکردنەوەی موچە دەکرێتەوە و موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا موچەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەرنامەیەتی، ھەتا ٢٤ی مانگ بەپێدانی موچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بهێنێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا هەشت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها پێنج موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP