بەپەلە

فەلەکناس ئوجا بۆ خەندان: تورکیا به‌رده‌وامه‌ له‌ گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان، بۆیه‌ ناتوانین باسی پڕۆسه‌ی ئاشتی بكه‌ین

- 9/7/2019 11:32:00 AM 2632 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- هەڤاڵ محەمەد

فەلەکناس ئۆجا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان باس لە دۆخی باکوری کوردستان و پەیوەندی پارتەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و پڕۆسەی ئاشتی دەکات لە تورکیا.

فەلەکناس ئوجا لەدایکبوی ١٧ی ئەیلولی ١٩٧٦ەو کەسایەتی سیاسیی کوردی ئێزیدییە و ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بوە، ئەو نوێنەرایەتی ئەڵمانیای کردوە لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٩ تاوەکو ٢٠٠٩، ئێستاش پەرلەمانتاری هەدەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا.

فەلەکناس ئوجا لە دو رۆژی رابردودا سەرۆکایەتی شاندێکی ژنانی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ  رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژنانی دیکەی لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوە.

خه‌ندان: سه‌ره‌تا با له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین ئامانج له‌سه‌ردانه‌كه‌ی ئێوه‌ بۆ باشوری كوردستان چی بو؟

فەلەکناس ئوجا: وه‌ك ژنانی باكوری كوردستان شاندێکمان هاتوە بۆ باشوری كوردستان بۆ پیرۆزباییکردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ هه‌ولێر و سلێمانی له‌گه‌ڵ رێکخستنی ژنانی حزبه‌ سیاسیه‌كان كوبوینه‌وه‌، ئامانجی یه‌كه‌می ئێمه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ژنانی كوردستانه‌، وه‌كو ژنانی كورد ئێمه‌ ده‌توانین چی پێكه‌وه‌ بكه‌ین لەوبارەیەوە وتوێژمان كرد، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌مان كرد كه‌ ژنانی کورد پێویستیان به‌ یه‌كێتی خه‌باتی هاوبەش هه‌یه‌.
وه‌كو ده‌زانن پارچه‌كانی كوردستان له‌ ژێر داگیركاریدایه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی گه‌لی كورد پێش بكه‌وێت پێویستی به‌ خه‌بات و تێكوشانی پێكەوه‌یی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئامانجێکی دیكه‌ی سه‌ردانەکەمان پرسی كامپی مه‌خموره‌، كه‌ ئه‌مه‌ 51 رۆژه‌ له‌ ژێر گه‌مارۆدایه‌ و و خه‌ڵكی مه‌خمور ناتوانن له‌ كامپه‌كی دەربچن.

خه‌ندان: كۆبونه‌وه‌كانتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی باشوری كوردستان چۆن بو؟

فەلەکناس ئوجا: ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانمان زۆر باش بو، به‌رپرسانی ژنانی حزبه‌ سیاسیه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بون كه‌ پێویسته‌ ژنانی پارچه‌كانی كوردستان به‌ یەکگرتوی کاربکەن، هه‌روه‌ها هەموان بۆچونیان وابو بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد یه‌كگرتنی  ئێمه‌ پێویسته‌، هه‌مویان وتیان کە ئاماده‌ن بۆ دروستكردنی كۆنگره‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ژنانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.

خه‌ندان: په‌یوه‌ندی هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ پارته‌كانی باشوری كوردستان چۆنه‌؟

فەلەکناس ئوجا: وه‌كو هه‌ده‌په‌ پەیوەندیمان له‌گه‌ڵ هه‌مو پارته‌كانی كوردستان هه‌یه‌، له‌ داهاتودا شاندیكی پارته‌ كوردستانیه‌كانی باكوری کوردستان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان كۆدەبنه‌وه‌.

خه‌ندان: په‌یوه‌ندی هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنه‌؟ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، بو به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئایا پێتان وایه‌ ناوبراو رۆڵی ده‌بێت له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی؟

فەلەکناس ئوجا: وه‌كو هه‌ده‌پە پەیوەندیەکانمان له‌گه‌ڵ هه‌مو پارته‌ كوردستانیه‌كان باشه‌، وه‌كو ئێوه‌ دەزانن پەروین بوڵدان، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌پە پێشتر هاتوەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوەتەوه‌، ئێمە ده‌مانه‌وێت پەیوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌مو حزبه‌كان پته‌وبێت، بۆ ئه‌وه‌ش خه‌باتمان به‌رده‌وامه‌.

خه‌ندان: با بچینه‌ سه‌ر دۆخی باكوری كوردستان، ئێستا له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك قه‌یوم له‌ جێگه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان دانراون، ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟

فەلەکناس ئوجا: له‌مدواییانەدا ده‌وڵه‌تی توركیا قەیومی لە جێگەی سەرۆک شاروانیه‌ گه‌وره‌كانی ئامه‌د، مێردین و وان دانا، ئەوە 20 رۆژه‌ به‌رخودانێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌، له‌ ئامه‌د، مێردین و وان په‌رله‌مانتارانمان و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانمان و خه‌ڵكی خۆمان پێكه‌وه‌ ئه‌و به‌رخودانه‌ ده‌كه‌ن، وه‌كو هه‌ده‌پە ئێمه‌ ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دیموكراتی بێت، ده‌بێت رێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵك بگیردرێت. بەڵام ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ رێککەوتون له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد دوه‌ستنه‌وه‌ و دەیانەوێت ئیراده‌ی گه‌لی كورد له‌ ناوببەن، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام دبین له‌ به‌رخۆدان و تێكۆشانی خۆمان.

خه‌ندان: تاكه‌ی قه‌یومه‌كان له‌ باكوری كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی شاره‌وانیه‌كان؟

فەلەکناس ئوجا: ئه‌وه‌ روننیه‌، چونكه‌ حكومه‌تی توركیا ده‌توانێت قه‌یومه‌كان فراوانتر بكات، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵك و دیموكراتخوازەکان بێده‌نگ نه‌بن، به‌ڵكو ده‌بێت تێكۆشانیان گه‌ورتر بكه‌ن، بۆ دیموكراتیكردنی توركیا پێویستیمان به‌ یه‌كێتی و یه‌كگرتنه‌وه‌مان هه‌یه‌، هه‌مو حیزب و دیموکراتخوازەکان و رۆشنبیران ده‌بێت هه‌مو كه‌س له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یوم ده‌نگ به‌رز بكاتەوەو بێده‌نگ نه‌بن. ئه‌مڕۆ كێشه‌ له‌ ئامه‌د و وان و مێردین هه‌یه‌، به‌یانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئیستانبوڵ و ئه‌ده‌نه‌ و ئه‌نتاڵیاش قه‌یوم دادەنرێت.

خه‌ندان: له‌ ماوه‌ی رابردودا حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌رگای ئیمڕاڵی كرده‌وه‌ سه‌ردانی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كرا، هیچ هیوایه‌ك هه‌یه‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟

فەلەکناس ئوجا: ئۆجه‌لان له‌ چاوپێكه‌وتنەکەیدا وتی ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا ئاماده‌بێت ده‌توانم له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌م، بەڵام تورکیا له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی قه‌یومی هێنا بۆ سه‌رۆک شاره‌وانییه‌كان، ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ گۆشه‌گیری بۆ سه‌ر به‌رێز ئۆجه‌لان، بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ ئێستادا باسی پڕۆسه‌ی ئاشتی بكه‌ین.
خه‌ندان: وه‌كو هه‌ده‌په‌ چی مه‌سجێكتان له‌ په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان خوێنده‌وه،‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كانیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌؟

فەلەکناس ئوجا: په‌یامی ئۆجه‌لان زۆر گرنگ ده‌بینین و ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ ده‌بێت گۆشه‌گیری سه‌ر ئیمڕاڵی هه‌ڵبگیردرێت، ئه‌وكات ئێمه‌ بۆ دیموكراتیزه‌كردنی توركیا ئاماده‌ین، پڕۆسه‌ی ئاشتی ته‌نها به‌ موخاته‌به‌كه‌ی ده‌كرێت ئه‌ویش به‌رێز ئۆجه‌لانه‌ ئیمڕاڵیه‌، تاكه‌ رێگای پڕۆسه‌ی ئاشتی ئۆجه‌لانە، به‌ڵام وه‌كو هه‌ده‌پە ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ ئاشتی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP