پەرلەمانتارێك هۆكارەكانی دواكەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكات

- 9/6/2019 12:23:00 PM 54229 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێکی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دواكەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت دو هۆكار هەیە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتو، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، دو هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ دواكه‌وتنی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ ئەوانیش بریتین لە " یه‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم "ئیلتیزاماتی ئیتحادی" جێ به‌جێ نه‌كردوه‌، دووه‌م ته‌وژمێكی گێچه‌ڵكردن ئێستا به‌كورد و عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌به‌غداد بازاڕی گه‌رمه‌، ئه‌م دو هۆكاره‌ بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌به‌غداده‌وه‌ دوابكه‌وێت".
ئێستا هێزە سیاسیەکان تێهەڵدەچنەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ، ئەو ڕێککەوتنەی کە کرا لە 2019 ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بو

 

پەرلەمانتارکەی یەکگرتو دەشڵێت: ئەو ڕێککەوتنانەی کرا لە نێوان بەغدا و هەرێم، کورت خایەن بو بۆ بودجەی 2019 بو جارێکی تر ئێستا هێزە سیاسیەکان تێهەڵدەچنەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ، ئەو ڕێککەوتنەی کە کرا لە 2019 ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بو بۆیە جۆرێک لە ئاسانکاری پێشکەشکرا، هەم کورد پێویستی بە پیشاندانی ئەو ئاسانکارییانە بو هەم عادل عەبدولمەهدیش پێویستی بەو "تەنازولانە" بو بیکات هەرچەندە خۆشی ڕەنگە قەناعەتی پێی بوبێت، بەڵام ئێستا ئه‌و دیمەنە گۆڕاوە بەئاڕاستەی ئەوەی ئێستا فشارێکی سیاسی بەهێز لەناو پەرلەمان دروست بوە لەسەر عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دارایی کە بەپێچەوانەی یاسا هەندێک داهاتیان ناردوە بۆ حکومەتی هەرێم.

 هێشتا نازانرێت چ گۆڕانكاریه‌ك ڕوده‌دات، چونكه‌ بارگرژی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌بێت

 

موسەنا ئەمین راشیاگەیاندوە، هێشتا نازانرێت چ گۆڕانكاریه‌ك ڕوده‌دات، چونكه‌ بارگرژی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌بێت نازانین نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا چۆن ده‌بێت؟ كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتی عیراق، ئه‌وه‌ش نازانرێت چ قه‌یرانێكی ئه‌منی له‌ناوچه‌كه‌دا ڕوده‌دات؟ یا چ شكستێك چاوه‌ڕێی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات؟ كه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌خۆی و حكومه‌ته‌كه‌ی بكرێت، چونكه‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن كه‌چاوییان بڕیوه‌ته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مانه‌ هه‌موی هۆكارن كه‌ناتوانرێت بوترێت 2020 بودجه‌ی عیراق و هه‌رێم هه‌مان شت ده‌بێت؟ به‌ڵام به‌حوكمی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌ك وتم ئه‌و ئاسانكاریه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرا ئێستا له‌به‌غداد ئه‌و ئاماده‌ییه‌ سیاسیه‌ نیه‌، به‌ڵكو ده‌نگی دژی هه‌رێمی كوردستان دروست كراوه‌."

ئه‌وه‌ی خۆم بۆخۆم ئه‌وه‌ی تۆش ده‌خۆم سه‌رناگرێت

 

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، پەرلەمانتارە كوردەكە بەپێویستی زانیوە حكومه‌تی هه‌رێم واز له‌و سیاسه‌ته‌ بهێنێت كه‌ "ئه‌وه‌ی خۆم بۆخۆم ئه‌وه‌ی تۆش ده‌خۆم" و دەڵێت،"ئه‌مه‌ سه‌رناگرێت ده‌بێت به‌ شه‌فاف و ڕون و ئاشكرا بۆ ڕای گشتی عیراقی و كوردستانیش بڵێ بۆچی نه‌وت "ته‌سلیم" ناكات، له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌ك سیاسی هه‌ندێك پرسیارمان كردبێت و ده‌یزانین و هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی عیراقیش ده‌یزانێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و گرێبه‌سته‌ درێژخایه‌نانه‌ی هه‌رێم كردویه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت، هه‌رێم كه‌وتۆته‌ ژێر قه‌رزێكی زۆر بۆیه‌ ناتوانێت نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غداد بكات."

ئاماژەی بەوەشكردوە،" تا ئه‌م ساته‌ش كه‌ قسه‌ی تێدا ده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غداد ناكات، هۆكاری ڕاده‌ست نه‌كردنه‌كه‌شی "به‌نیوه‌ناچڵیه‌" وه‌ك وتم وه‌ك پێویست هۆكاره‌كه‌ی نه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌ به‌حكومه‌تی فیدراڵی نه‌به‌ڕای گشتی نه‌وتراوه‌ كه‌له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك هه‌رێم ئیلتزام ده‌كات یا نا وه‌ بۆچی نایكات؟ ناكرێت به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، حكومه‌تی هه‌رێم ویستویه‌تی ئه‌م سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌و بكات هه‌مو داهاته‌كانی خۆی بۆ خۆی بێت و له‌بودجه‌ی عیراقیشدا به‌شداری نه‌كات، له‌هه‌مانكاتدا داهاتیشی لێوه‌ربگرێت ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكه‌ بۆ كورد ناچێته‌ سه‌ر و "مه‌نتیق" نیه‌ و ئێمه‌ی په‌رله‌مانتارانیش ناتوانین ئاوا به‌رگری بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نین و به‌شێكین له‌عیراق ده‌بێت ئیلتیزامه‌كانی خۆمان به‌پێی ده‌ستور ڕه‌چاوی ئه‌و بابه‌ته‌ی تێدا بكه‌ین، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم قه‌ناعه‌ت به‌ڕای گشتی بكات تا ئه‌و ڕای گشتیه‌ فشار بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆك وه‌زیران دروست نه‌كات، چونكه‌ تا ئێستا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵوێستێكی باشی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌كورد."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP