37 ساڵ مانەوە لەسەر كورسی دەسەڵات
رۆبەرت مۆگابی سەرۆكی پێشوی زیمبابۆی لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

- 9/6/2019 9:08:00 AM 3408 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رادیۆی بریتانیا لە زاری خانەوادەكەیەوە بڵاویكردەوە كە، بەیانی ئەمڕۆ رۆبەرت مۆگابی سەرۆكی پێشوی زیمبابۆی لە تەمەنی 95 ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە.

رۆبەرت مۆگابی لەکاتی خۆیدا کەسایەتییەکی سەرەکی هەبوە لەو وڵاتەدا لەپێناو خەباتکردن بۆ سەربەخۆیی، ماوەی 11 ساڵ زیندانیدەکرێت و دوای ئەوەی ئازاد دەکرێت، لە ساڵی 1980 له‌دوای سه‌ربه‌خۆیی زیمبابۆی له‌بریتانیا حوكمی وڵاتەكەی گرتوەتە دەست تا ساڵی 1987، بەڵام هیچ رکابەرێکی نابێت و پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێتەوەو تا رۆژی چوارشەممە (15-11-2017) لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کودەتای بەسەردا كراو لە پۆستەكەی دورخرایەوە.

 

مۆگابی لە شوباتی 1924 لە خێزانێکی هەژاری کۆچەری لەدایکبوە، دواتر دەبێتە مامۆستاو لە چەند قوتابخانەیەکی ئەو وڵاتەدا وانە دەڵێتەوە، ئەوە یەکەم کاری دەبێت کە لەژیانیدا دەستپێدەکات.

لەسەرەتای دەسەڵاتیدا مۆگابی پشتگیری لە سپی پێستە کەمینەکان دەکات و باس لە ڕێککەوتن لەگەڵ سیاسییە نەیارەکانی وڵاتەکەیدا دەکات، بەڵام دواتر هەمو دەسەڵاتێک بۆخۆی و بنەماڵەکەی مۆنۆپۆل دەکات.

لەماوەی دەسەڵاتی ناوبراودا زیمبابۆی توشی هەڵئاوسانێکی گەورەی ئابوری دەبێت، بەگوێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.

 

رۆبەرت مۆگابی لەماوەی رابردودا لەلایەن نەیارەکانییەوە بە دیکتاتۆر تۆمەتبار دەکرا، دەیانوت حزبی یەکێتی نیشتمانی ئەفەریقی هەمو دەسەڵاتێکی لەو وڵاتەدا قۆرخکردوە لەسەر شانۆی سیاسی تەنها خۆی خاوەن بڕیارە.

ژنەکەی مۆگابی کێیە؟

لە ساڵی 2014دا گریس مارفۆری هاوسەری مۆگابی کورسییەک لە نووسینگەی سیاسی حزبەکەی وەردەگرێت و وەک شوێنگرەوەی مۆگابی دەیناسێنن. گریس بەوە ناسراوە کەسێکی دەستبڵاوبوەو موڵک و ماڵی وڵاتی تەخشان و پەخشان کردوە.

ئەو ژنەی سەرۆکی پێشووی زیمبابۆی تەمەنی 54 ساڵەو بەنیازبوە دوای نەمانی مۆگابی لەسەر کورسی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، خۆی ببێتە جێنشین و لە خانمی یەکەمی زیمبابۆیەوە ببێتە سەرۆکی زیمبابۆی.

گریس سەرۆکی رابیتەی خانمانی حزبی زانۆی دەسەڵاتدارە، لە ساڵی 1996ەوە هاوسەرگیری لەگەڵ رۆبەرت مۆگابیدا کردوە.

ئەو ژنە رۆڵێکی چالاکی هەبوە لە دورخستنەوەی ئەو کەسایەتییانەی ئەگەری هەبوە دوای مۆگابی ببنە سەرۆکی زیمبابۆی، لەلایەکی ترەوە سەرکەوتوبوە لە راکێشانی هەندێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی حزبەکەیان بەلای خۆیدا بۆ ئەوەی ببێتە جێگری مۆگابی.

گریس بەرلەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ مۆگابیدا بکات کارمەندی بەشی ئامێری چاپ بوە لە بارەگای کۆشکی سەرۆک.

یەکێکبوە لەو کەسانەی هاوکار و پشتگیرێکی باشی مێردەکەی بوەو هەمیشە شان بەشانی بوە لە زۆرێک لە بۆنەکاندا، لە ساڵی 2014دا لە گردبونەوەیەکدا دەڵێت "گەل دڵخۆشن بەوەی مۆگابی سەرۆکیان بێت ئەگەر جەستەیەکی مردوی بەستوش بێت".

ناوبراو باسی لەوە کردوە کە پێداگریی ناکات دوای مۆگابی پۆستی سەرۆکایەتی زیمبابۆی وەربگرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردوە ئەویش خەڵکی زیمبابۆیەو مافی ئەوەی هەیە خۆی هەڵبژێرێت.

گریس تۆمەتبارە بەوەی سنوری بۆ هیچ یەکێک لە رەفتارەکانی دانەناوەو لەماوەی رابردودا خانمێکی نمایشکاری جلوبەرگ تۆمەتباری کرد بەوەی لێیداوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP