بانگهێشتی هەردو وەزیری نەوت و دارایی دەكرێت
هاوپەیمانیەكەی عەبادی: سەندنەوەی متمانە لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی یەكێكە لە ئەگەرەكان

- 9/6/2019 8:31:00 AM 2497 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، هەنگاوەكانی سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت، سەندنەوەی متمانە لە حكومەتی عێراق یەكێكە لە ئەگەرەكانی بەردەمیان.

ماڵپەڕی بغداد الیوم لە زاری ئایات موزەفەر، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر بڵاویكردوەتەوە، هەنگاوەكانیان دژی حكومەتی عێراق بابەتێكی تایبەت بە بەرژەوەندی كەسی نیە، بەڵكو پەیوەندی هەیە بە پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراقەوە.

موزەفەر رایگەیاندوە، لە ماوەی رابردودا، حكومەتی عێراق رەخنەو تێبینییەكانمانی بەهەند وەرنەگرتوە، بۆیە لە ساڵی دوەمی یاساداناندا، هەوڵەكانمان چڕدەكەینەوە و هەنگاوی كردەیی دەنێین لە  رێگەی دەستورەوە بۆ بانگهێشتكردن و وەڵامدانەوە و سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان و حكومەت.
لە ئێستادا هەنگاوەكان بۆ بانهگێشتی ژمارەیەك لە وەزیرەكانە، لەوانە وەزیری نەوت و وەزیری دارایی

 

ئاماژەی بەوەشكردوە، گەلی عێراق توانای چاوەڕوانی زیاتری نیە، لە ئێستادا هەنگاوەكان بۆ بانهگێشتی ژمارەیەك لە وەزیرەكانە، لەوانە وەزیری نەوت و وەزیری دارایی، ئەگەر وەڵامی وەزیرەكان باوەڕپێكراو نەبو، متمانەیان لێوەردەگرینەوە. لەداهاتوشدا ژمارەیەك وەزیری دیكە بانگهێشت دەكەین كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی.

ناوبراو راشیگەیاندوە، سەندنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتەكە یەكێكە لە ئەگەر كراوەكانی بەردەمیان و لەو روەوە بەدوری نازانین هەنگاوی بۆ بنێین.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP