بەپەلە

به‌ ڤیدیۆ.. خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێك به‌هۆی یاری ئاگرینه‌وه‌ له‌ كۆنسێرته‌كه‌یدا گیانله‌ده‌ستده‌دات

- 9/3/2019 8:43:00 PM 39238 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ ئیسپانی له‌كاتی پێشكه‌شكردنی گۆرانیه‌كدا به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و له‌نێو هانده‌ره‌كانیدا، به‌هۆی یاریه‌كی ئاگرینه‌وه‌ كه‌ له‌ نزیكیه‌وه‌ ته‌قیه‌وه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

جوانا سه‌ینز، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی ئیسپانی بواری پۆپ كه‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵ بو‌، له‌میانی كۆنسێرتێكیدا له‌گه‌ڵ تیمی ئۆركێسترای سوپه‌ر هاڵیوود له‌ فێستیڤاڵی لاس بێرلاناس، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی یاریه‌كی ئاگرین له‌ نزیكیه‌وه‌ برینداربو، پاش ئه‌وه‌ی گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، جوانا له‌ به‌شی راستی سه‌كۆكه‌دا له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانی سه‌رقاڵی پێشكه‌شكردنی گۆرانیه‌كه‌یه‌تی و له‌ناكاو یاریه‌كی ئاگرین له‌ ته‌نیشیتیدا ده‌ته‌قێت و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌ هۆشخۆی ده‌چێت.

به‌ گوێره‌ی زانیاریه‌كان، پاش روداوه‌كه‌ تیمی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی كاری پێویستیان بۆ جوانا ئه‌نجامداوه‌ و دواتر گه‌یاندویانه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام پاش گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ كارمه‌ندان و پزیشكان رایانگه‌یاندوه‌ ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئیسیدرۆ لۆپێز، خاوه‌نی ئه‌و هۆڵه‌ی كۆنسێرته‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌ رایگه‌یاند، "زیاتر له‌ دو هه‌زار جار ئه‌و ئامێرانه‌ به‌كارهێنراون بێ ئه‌وه‌ی هیچ روداوێكی نه‌خوازراو روبدات، ئه‌مجاره‌ش ته‌نها یه‌ك ئامێر ئه‌و كێشه‌یه‌ی تێدابوه‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP