بەپەلە

پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت پڕکرایەوە

- 9/3/2019 1:06:00 PM 58692 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێک ئاشکرایدەکات، بەپێی بڕیارێک، پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لەلایەن خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرەڕای ئەرکەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

مەسرور بارزانی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، بە وەکالەت بەڕێوەدەبات

 

مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "بەپێی بڕیارێک، کە رۆژی 1-9-2019 بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان دەرچوە و پاڵپشتە بە کۆبونەوەیەکی پێشوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، بە وەکالەت لەلایەن خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرەڕای ئەرکەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران".

پێشتر و لە 15ی تەموزی ئەمساڵدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نوسراوێک عەبدوللە عبدوالرحمان عەبدوللە، ناسراو بە ئاشتی هەورامی بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە راسپاردبو، کە پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەکان بو.

دەبێت لە پرسی فرۆشتنی نەوت و گەڕاندنەوەی داهاتەکەیدا بۆ خزمەتی گشتیی، رەچاوی شەفافییەت بکرێت

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "دەبێت لە پرسی فرۆشتنی نەوت و گەڕاندنەوەی داهاتەکەیدا بۆ خزمەتی گشتیی، رەچاوی شەفافییەت بکرێت و ئەم پۆستەیش پڕبکرێتەوە و لەژێر چاودێریی وردی پەرلەماندا بێت".

یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادە دەکات.

یەکەم: بەدواداچووانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان– عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.

دوەم: پێشکەشکردنی راسپاردە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بواری وزەدا

سێیەم: هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق

چوارەم: بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا

پێنجەم: ئامادەبونی لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007، داڕشتنی بەرنامەی کۆبونەوەکان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP