هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

لە نەتەوە یەكگرتوەكان، عێراق سكاڵا لەسەر كوەیت تۆماردەكات

- 9/3/2019 12:05:00 PM 3919 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پەیامێكدا بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان، حكومەتی عێراق سكاڵایەكی لە دژی كوەیت تۆماركردوە و بە گۆڕینی سنورە ئاوییەكان تۆمەتباری كردوە.

كوەیت سیاسەتی جێبەجێكردنی (ئەمری واقیع)ی پەیڕەوكردوە

حكومەتی عێراق، نامەیەكی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتوەكان كردوە، كە تێیدا باش لەوەدەكات كوەیت سیاسەتی جێبەجێكردنی (ئەمری واقیع)ی پەیڕەوكردوە و لەو رێگەیەوە گۆڕانكاری لە سنورە جیۆگرافیە ئاویەكانی نێوان هەردو وڵاتدا كردوە.

داواكراوە نامەكە بە فەرمی بگەیەندرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش

هاوكات چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی دوێنێ دوشەممە بەر رۆژنامەی ئەلرەئی كوەیتیان راگەیاندوە "محەمەد بەحرلعلوم، باڵیۆز و نوێنەری عێراقی لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە 7ی ئابدا نامەیەكی گەیاندوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان و تێیدا  داواكراوە نامەكە بە فەرمی بگەیەندرێتە بەردەم ئەنجومەنەكە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "بەحرلعلوم بە مەبەستی گەیاندنی هەڵوێستی وڵاتەكەی سەبارەت بەو سیاسەتانەی كوەیت لەگەڵ ژمارەیەك نوێنەری وڵاتانی دیكەدا كۆبونەوەی ئەنجامداوە".

بەغدا كێشانی ئەو هێڵە سنوریانە رەتدەكاتەوە

ئەوە لەكاتێكدایە، حكومەتی بەغدا كێشانی هێڵی سنوری بە شێوەیەكی تاكلایەنانە و بەپێی رێككەوتنی ئەمیری ژمارە 317ی ساڵی 2014 سەبارەت بە دیاریكردنی ناوچە ئاویەكانی كوەیت بە پەسەندنەكراو دەبینێت و بەپێی بڕگەكانی یاسای نێودەوڵەتی ئەو هەنگاوەی بە پێشێلكاری لەقەڵەمداوە.

داوا لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات بە كرداری و بابەتی وەڵامی عێراق بداتەوە

لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی عێراقدا، ئوسامە شاهین، كە پەرلەمانتارێكی كوەیتیە رایگەیاند "سكاڵاكەی حكومەتی عێراق دژ بە كوەیت مامەڵەیەكی خراپە و هەڵوێستێكی نامۆ نیە لەو دراوسێیەی باكورمان"، وتیشی "داوا لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات بە كرداری و بابەتی وەڵامی عێراق بداتەوە و لە لایەنی دیپلۆماسی و ئەمنیەوە ئاگاداری خۆی بێت".

هاوكات سەفا ئەلهاشم، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوەیت لەوبارەیەوە وتی "بەرنامە و پرۆگرامی عێراق هەمیشە هەر بەو شێوەیە بوە، چاكە لەگەڵ لایەنێك پێی نەزانێت زیانە".


نیشانەکردن :

#عێراق #كوەیت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP