چین؛ لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندندا هەشت قوتابی كوژران

- 9/3/2019 10:06:00 AM 7041 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندندا لە وڵاتی چین، هێرش كرایە سەر خوێندنگەیەكی سەرەتایی و بەوهۆیەوە هەشت منداڵ كوژران.

پیاوێك هێرشی كردوەتە سەر ژمارەیەك قوتابی خوێندنگەیەكی سەرەتای

لە رایگەیەندراوێكدا، دەسەڵاتدارانی چین بڵاویانكردەوە "لە ناوچەی هیوبی رۆژهەڵاتی چین، لە یەكەم رۆژەكانی ساڵی خوێندندا، كاتژمێر 8:00ی بەیانی پیاوێك هێرشی كردوەتە سەر ژمارەیەك قوتابی خوێندنگەیەكی سەرەتای لەكاتی گەیشتنیان بە خوێندنگە".

ئەو پیاوە یەكێك بوە لە دانیشتوانی ناوچەكە و تەمەنی 40 ساڵ بوە

هاوكات پۆلیسی ناوچەكە ئاماژەی بەوەكردوە "ئەو پیاوە یەكێك بوە لە دانیشتوانی ناوچەكە و تەمەنی 40 ساڵ بوە، كە هێرشی كردوەتە سەر 10 منداڵ و لە ئاكامدا هەشت لەو منداڵانە گیانیانلەدەستداوە".

راشیگەیاندوە، دەستبەجێ دوای روداوەكە منداڵەكان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام تەنها دو منداڵ لەو منداڵانە رزگاركراون".

هێرشبەرەكە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی ناوچەكەوە دەستگیركراوە

بەپێی زانیاریەكان لە ئێستادا ئەو هێرشبەرە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی ناوچەكەوە دەستگیركراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، سەبارەت بە هۆكاری هێرشەكەش تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ زانیاریەكیان نەخستوەتەڕو.

هێرشكردنە سەر منداڵانی خوێندنگەكان لە چین نامۆ نیە و لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا ژنێك بە چەقۆی چێشتخانە 14 منداڵی باخچەیەكی ساوایانی كردە قوربانی.

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوشدا، لە ئەنجامی هێرشی پیاوێكدا، نۆ خوێندكار كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.


نیشانەکردن :

#چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP