ئاواز: پێیان ده‌وتم ته‌مه‌نت به‌سه‌رچوه‌، بۆیه‌ هاوسه‌رگیریم كرد

- 9/2/2019 7:24:00 PM 78803 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شادان علی

"كێشه‌م له‌گه‌ڵ چوارده‌وره‌كه‌م هه‌یه‌، وا هه‌ست ده‌كه‌ن كۆیله‌یت، گوێشت لێناگرن"، به‌م وشانه‌ ده‌ستی پێكرد.

ئاواز قادر، ته‌مه‌نی 44 ساڵه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی. خاوه‌نی سێ منداڵه‌ و به‌ وته‌ی خۆی "له‌ یه‌كه‌م رۆژی هاوسه‌رگیریه‌وه‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی بوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی و كه‌سوكاریه‌وه‌ ئازارده‌درێت".

زۆرینه‌ی جاری وشه‌ی (قه‌یره‌) به‌رامبه‌رم به‌كارهێنراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ فشارێك بوو له‌سه‌ر بڕیاردانم بۆ هاوسه‌رگیری

ئاواز، له‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵیدا هاوسه‌رگیری ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ڵێت: "تا ئه‌و كاته‌ی هاوسه‌رگیریم كرد هه‌ر كه‌سێكم ده‌ناسی پرسیاری هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی هاوسه‌رگیری لێده‌كردم، زۆرینه‌ی جاریش وشه‌ی (قه‌یره‌) به‌رامبه‌رم به‌كارهێنراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ فشارێك بوو كاریگه‌ریه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر بڕیاردانم بۆ هاوسه‌رگیری".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، هاوسه‌رگیریه‌كه‌ی به‌ شێوازێكی ئاسایی بووه‌ و به‌ ووته‌ی ئاواز به‌پێی دابوو نه‌ریت بووه‌، به‌ڵام به‌سه‌ربردنی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیری هه‌ر له‌ یه‌كه‌م شه‌و تا ئێستا ئازار و لێدان و جێهێشتن و وشه‌ی نه‌شیاو و ناشیرینه‌، ده‌شڵێت: "ئێستاش ناتوانم به‌ دڵی خۆم هه‌ستم به‌ دڵی خۆم دانیشم ناتوانم هیچبكه‌م".

ده‌سكی گسكه‌كه‌ خوار بوو ئێسكی یه‌كێك له‌ قاچه‌كانمی شكاند

ئاواز وتی "رۆژێك هاوسه‌ره‌كه‌م زۆری لێدام و به‌ ده‌سكی گسكی كاره‌بایی ئازارێكی زۆری پێگه‌یاندم، ته‌نانه‌ت ده‌سكی گسكه‌كه‌ خوار بوو ئێسكی یه‌كێك له‌ قاچه‌كانمی شكاند" ده‌شڵێت "چه‌ندینجار لوتم شكاوه‌ و تا ئێستا چاره‌سه‌رم وه‌رنه‌گرتوه‌".ئاواز، له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی ئازاره‌كانیدا ناوبه‌ناو هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵده‌كێشا، كاتێكیش باسی  له‌و توندوتیژیانه‌ ده‌كرد كه‌ به‌رامبه‌ری ئه‌نجامدراون، هه‌وڵی ده‌دا پیشانی بدات كه‌ به‌هێزه‌ و روبه‌ڕووی دۆخه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌.

منداڵه‌كه‌م داوای لێكردم له‌ هاوسه‌ره‌كه‌م جیاببمه‌وه‌

له‌ درێژه‌ی باسكردنی ژیانیدا، ئاواز ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانیشم دروستكردووه‌، جارێكیان هاوسه‌ره‌كه‌م هێرشی كرده‌ سه‌رم و زۆر به‌ خراپی ئازاری دام. یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانم كه‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵ بوو پێی وتم له‌ باوكم جیابه‌ره‌وه‌".

سه‌رباری ئه‌و توندوتیژیانه‌ی له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، ئاواز ده‌ڵێت "كاتێك ویستوومه‌ جیاببمه‌وه‌، كه‌سوكارم رێگریان كردووه‌ و پێیان وتووم خه‌ڵك به‌ خراپ له‌ بابه‌ته‌كه‌ تێده‌گه‌ن و وشه‌ی جیابوونه‌وه‌یان پێ ناشیرین بوو، له‌ وته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و چوارده‌ور ده‌ترسان".

بۆ پیاو ئاسانه‌ و كه‌س گومانی خراپ ناخاته‌ پاڵ پیاوان

سه‌باره‌ت به‌ ڕای خۆی به‌رامبه‌ر جیابوونه‌وه‌ و كۆتاییهێنان به‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی، ئاواز پێی وایه‌ ژنێك كه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیاببێته‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ چاوێكی ناشیرین سه‌یرده‌كرێت و تۆمه‌تی گوماناوی بۆ دروستده‌كرێت، له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "بۆ پیاو ئاسانه‌ و كه‌س گومانی خراپ ناخاته‌ پاڵ پیاوان، به‌ڵام ژن دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ زه‌ره‌رمه‌ند".

پاش له‌دایكبوونی منداڵ من ئیتر بووم به‌ كۆیله‌

ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌نی منداڵ، ئاواز چه‌ندینجار هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ له‌ هاوژینه‌كه‌ی جیاببێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سوكار و چوارده‌وره‌كه‌ی به‌ به‌هانه‌ی چاكبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی پاش بوونی منداڵ، نه‌یانهێشووه‌ جیاببێته‌وه‌، ده‌ڵێت "پاش له‌دایكبوونی منداڵ من ئیتر بێچاره‌ مامه‌وه‌ و بووم به‌ كۆیله‌".

زه‌بر و توندوتیژییه‌كانی به‌رامبه‌ر ئاواز كراوه‌ ته‌نها جه‌سته‌یی نه‌بوون، به‌ڵكو ده‌روونیش بوون، كاتێك ئاواز ویستوویه‌تی بخوێنێت هاوسه‌ره‌كه‌ی رازی نه‌بووه‌ و ده‌ڵێت "به‌ زۆر چووم سێی ناوه‌ندی بخوێنم، به‌ڵام هه‌ركاتێك تاقیكردنه‌وه‌م هه‌بووایه‌ ده‌چوو میوانی بانگهێشت ده‌كرد، هه‌میشه‌ پێی ده‌وتم ده‌رناچیت و ته‌نها بۆ پیاسه‌ ده‌ڕۆیته‌ خوێندن، من به‌و حاڵه‌وه‌ سێی ناوه‌ندیم ته‌واوكرد".

هاوسه‌ره‌كه‌ی كار ناكات و ته‌نها به‌ موچه‌ی ئاواز ماڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، به‌ وته‌ی ئاواز هه‌موو ماڵه‌كه‌ و منداڵه‌كانیش به‌ مووچه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كارناكات، له‌ به‌شێكی وته‌كانیدا وتی "بۆ ماوه‌یه‌ك، زیاتر له‌ نیوه‌ی ساڵێك هاوسه‌ره‌كه‌م به‌جێیهێشتم و هیچ ده‌نگ و ره‌نگی نه‌بوو، نه‌مانزانی چی لێهات، ئه‌وكاته‌ش هه‌ر خۆم كاره‌كانم ئه‌نجامده‌دا و ته‌نانه‌ت ماڵه‌كه‌م ئارامتربوو منداڵه‌كانیشم له‌سه‌رخۆتربوون".

ده‌توانێت سكاڵا تۆماربكات

 

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، هیوا كه‌ریم، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان له‌ سلێمانی رایگه‌یاند: "له‌ حاڵه‌تێكدا ژنێك هاوشێوه‌ی ئاواز رووبه‌ڕووی توندوتیژی ببێته‌وه‌، چه‌ند رێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی، سه‌ره‌تا ده‌توانێت سكاڵا تۆماربكات و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه‌ و داوای فه‌رمانی پاراستن بكات، ده‌شتوانێت به‌ هه‌مانشێوه‌ سكاڵا تۆماربكات و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا بچێته‌ ماڵی كه‌سوكاری،  ئه‌گه‌ر كه‌سوكاریشی منداڵه‌كانیان قبوڵنه‌كرد ده‌توانێت منداڵه‌كانی بنێرێته‌ ماڵی باوكی هاوژینه‌كه‌ی و به‌و شێوه‌یه‌ رێكاره‌كان هه‌مه‌جۆره‌ن به‌پێی دۆخه‌كه‌".

ده‌بێت هاوسه‌ران دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستی یه‌كتری بن
به‌ بڕوای مامۆستایه‌كی ئایینی، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئایین رێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌ ئازاردان و وته‌ی ناشیرین و به‌ كه‌م سه‌یركردنی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، سه‌رجه‌م ئایه‌ت و وته‌كانی په‌یامبه‌ری ئاینی ئیسلام رێنمایی به‌ جوان و به‌رز سه‌یركردنی هاوسه‌رگیری و باش مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوژیناندا ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر یه‌كدی، به‌وپێیه‌ ده‌بێت هاوسه‌ران دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستی یه‌كتری بن.مامۆستا ئه‌حمه‌د شافیعی، مامۆستای ئایینی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كه‌ی ئاواز وتی: "راسته‌ خودا جیابونه‌وه‌ی پێناخۆشه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئاین پێی خۆش نییه‌ ژیانی خێزانێك ناخۆش و پڕ له‌ ئازاربێت، ئه‌وه‌یان زیاتر كه‌لتورێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كاتێك ژنێك له‌ ئازاردایه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و باشبوونی ژیانی بنێت ده‌روربه‌ر و كه‌سوكاره‌كه‌ی رێگری لێبكه‌ن".
من ده‌توانم سه‌ربه‌خۆ جیاببمه‌وه‌ و منداڵه‌كانم په‌روه‌رده بكه‌م به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ قبوڵی ناكات

 

توێژه‌رانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵناسی ده‌ڵێن، ماڵێكی پڕ له‌ ژاوه‌ژاو و ئاژاوه‌، كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سەر گه‌شه‌سه‌ندنی هزر و بۆچوون و كاردانه‌وه‌ ره‌فتاری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی منداڵان، به‌ڵام ئاواز ده‌ڵێت: "ئێستا له‌به‌ر منداڵه‌كانم ده‌ڵێم با دانبه‌خۆمدا بگرم و ووته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌م به‌جێبهێنم، چونكه‌ هه‌موو منداڵێك پێویستی به‌ باوك هه‌یه‌، من پێمخۆشه‌ سه‌ربه‌خۆ جیاببمه‌وه‌ و منداڵه‌كانم په‌روه‌رده بكه‌م، ده‌شتوانم، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ قبوڵناكات و هیچ كه‌سێكیش ئاماده‌نییه‌ به‌ سێ منداڵی بچووكه‌وه‌ پێشوازیم لێبكات".

كۆمه‌ڵناسێكیش ده‌ڵێت: " كه‌سانێك كه‌ تووشی زه‌بری هاوشێوه‌ ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێت یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ رێگه‌ی یاسایی له‌و شوێن و كه‌سانه‌ دووربكه‌ونه‌وه‌ كه تێیدا‌ توندوتیژییه‌كه‌یان به‌رامبه‌رده‌كرێت، دواتریش سه‌ردانی لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌ ده‌روونییه‌كان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست".

مانه‌وه‌ له‌ژێر زه‌بری جه‌سته‌یی و ده‌روونی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته‌ هۆی راهاتن

مامۆستا دارا ئه‌نوه‌ر زۆراب، كه‌ پیشه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: "مانه‌وه‌ له‌ژێر زه‌بری جه‌سته‌یی و ده‌روونی و جۆره‌كانی دیكه‌ی توندوتیژیدا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته‌ هۆی راهاتن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا هاوكاری ئه‌و جۆره‌ قوربانییانه‌ بكه‌ن".

په‌روه‌رده‌ كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر دروستبوونی متمانه‌ به‌ خود بۆ رزگاربوون له‌ ئاڵنگارییه‌كان

سه‌باره‌ت به‌ وته‌یه‌كی ئاواز، كه‌ پێی وابوو ئه‌و ژیانه‌ی ئێستا تێیدایه‌ نه‌بوونی به‌خته‌ و ناتونێت بیگۆڕێـت، كه‌سانی دیكه‌ش به‌ختیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ژیانیان خۆشه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵناسه‌ وتی: "بێگومان كۆمه‌ڵگه‌ و خێزان رۆڵێكی زۆر ده‌بینێت كاتێك رێگری له‌ جیابوونه‌وه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌ عه‌یبه ده‌بینێت و دۆخێكی ناچاری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ دروستده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و باشتر بنێت، په‌روه‌رده‌ش به‌ هه‌مانشێوه‌ كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر دروستبوونی متمانه‌ به‌ خود بۆ رزگاربوون له‌ ئاڵنگارییه‌كان".

پێویسته‌ به‌ڵگه‌ی پێویستیان هه‌بێت و پاشان ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌وه‌ سكاڵای یاسایی تۆماربكه‌ن
زۆرینه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌ لایه‌ن كه‌سێكی دیاریكراو له‌ كه‌سوكاریان یاخود هاوسه‌ره‌كانیان یان هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان و هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیه‌كه‌ زانیاری پێویستیان نیه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ پارێزه‌رێك ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵگه‌ی پێویستیان هه‌بێت و پاشان ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌وه‌ سكاڵای یاسایی تۆماربكه‌ن و داوای مافی پاراستن بكه‌ن".
زۆرینه‌ی جار ژنان ده‌ستبه‌رداری سكاڵاكه‌یان ده‌بن و له‌ نیوه‌ی پرۆسه‌كه‌دا له‌ژێر فشاردا كۆتایی به‌ دۆسیه‌كه‌یان ده‌هێنن

 

به‌كر حه‌مه‌ سدیق، كه‌ پیشه‌ی پارێزه‌ره‌ و به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌ توندوتیژی دژی ژنان وتی: "له‌و جۆره‌ دۆسیه‌یانه‌دا، زۆرینه‌ی جار ژنان ده‌ستبه‌رداری سكاڵاكه‌یان ده‌بن و له‌ نیوه‌ی پرۆسه‌كه‌دا چ به‌ (وته‌ی خۆش)ی به‌رامبه‌ر یاخود له‌ژێر فشاردا كۆتایی به‌ دۆسیه‌كه‌یان ده‌هێنن و به‌ ناچاری به‌رده‌وام نابن، هه‌ندێكجاریش كه‌سوكاری كچه‌كه‌ ئاماده‌نین كچه‌كه‌یان به‌ ژماره‌یه‌ك منداڵه‌وه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌".

خاڵی بنچینه‌یی له‌و بابه‌ته‌دا كه‌سوكاره‌ و ده‌بێت پشتیوانی كچه‌كه‌یان بكه‌ن

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "ئه‌و ژنانه‌ی توندوتیژیان به‌رامبه‌رده‌كرێت و ده‌چنه‌ لای پارێزه‌ران بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی خۆیان، هه‌ندێكجار به‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێنێكیان نیه‌ بۆی بڕۆن ده‌چنه‌وه‌ ناو ئه‌و ژیانه‌ی پێشتر تێیدا بوون، كه‌میان هه‌یه‌ تا كۆتایی بۆ مافه‌كانی خۆی بجه‌نگێت، بۆیه‌ خاڵی بنچینه‌یی له‌و بابه‌ته‌دا كه‌سوكاره‌ و ده‌بێت پشتیوانی كچه‌كه‌یان بكه‌ن".

ده‌بێت پێوه‌ر و بنه‌ماكانی تایبه‌ت به‌ خێزان سه‌رله‌نوێ و به‌ شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ بخرێته‌وه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌

به‌پێی وته‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌، به‌كارهێنانی ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و ئینته‌رنێت و كاڵبوونه‌وه‌ی بنه‌ما و ره‌فتاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، له‌گه‌ڵ تێكچوونی رێكاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی خێزان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان و سه‌ره‌نجام ئه‌نجامدانی توندوتیژی، سه‌رجه‌میشیان پێیان وایه‌ ده‌بێت پێوه‌ر و بنه‌ماكانی تایبه‌ت به‌ خێزان سه‌رله‌نوێ و به‌ شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ بخرێته‌وه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و كاریان پێبكرێت.

هه‌ندێكجار ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ كرداری كوشتن یاخود خۆكوژی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

به گوێره‌ی وته‌كانی مامۆستا دارا، توندوتیژی دوو ئاكامی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یان ده‌بێته‌ هۆی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و په‌رچه‌كردار یاخود كاردانه‌وه‌ی هاوشێوه‌ و جۆراوجۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یاخود قوربانیه‌كه‌ بێده‌نگ ده‌بێت و توندوتیژییه‌كه‌ په‌سه‌ندده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی ده‌ته‌قێته‌وه‌، هه‌ندێكجاریش ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ كرداری كوشتن یاخود خۆكوژی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019دا، له‌ هه‌رێمی كوردستان 32 ژن خۆیان كوشتوه‌ و 22ی دیكه‌ كوژراون

به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019دا، له‌ هه‌رێمی كوردستان 32 ژن خۆیان كوشتوه‌ و 22ی دیكه‌ كوژراون، هاوكات هه‌ر له‌و شه‌ش مانگه‌دا، 99 حاڵه‌تی سوتانی ژنان تۆماركراوه‌ و 58 ژن-یش خۆیان سوتاندووه‌، كۆی گشتی سكاڵا تۆماركراوه‌كانیش تایبه‌ت به‌ توندوتیژییه‌كانی دژ به‌ ژنان له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا گه‌یشتوه‌ته‌ چوار هه‌زار و 972 سكاڵا.

گه‌ر ته‌نها یه‌ك جاری دیكه‌ ده‌ستم لێبه‌رزبكاته‌وه‌ و ئازارم بدات هه‌رگیز نامبینێته‌وه‌ و به‌جێی ده‌هێڵم

ئاواز له‌ كۆتاییی وته‌كانیدا وتی: "چیتر رازینابم توندوتیژیم به‌رامبه‌ر ئه‌نجامبدرێت، به‌ هاوسه‌ره‌كه‌شم وتووه‌، گه‌ر ته‌نها یه‌ك جاری دیكه‌ ده‌ستم لێبه‌رزبكاته‌وه‌ و ئازارم بدات هه‌رگیز نامبینێته‌وه‌ و به‌جێی ده‌هێڵم، ئیتر به‌هێزده‌بم"، سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ش كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ گشتی دوان، رایانگه‌یاند "مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان و رێگریكردن له‌ هه‌ر توندوتیژییه‌ك كه‌ به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت، به‌هێزی ویستی ژنه‌كانه‌، گه‌ر به‌ راستی بیانه‌وێت و نه‌هێڵن چوارده‌وری نه‌رێنی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستبكات، ده‌توانن جارێكی دیكه‌ هیوا به‌ ژیانیان ببه‌خشنه‌وه"‌.

تێبینی:
- ئاوازناوێکی خوازراوە،نوسەر لەبەرپاراستنی پیشەکەی ناوی راستەقینەی بەکارنەهێناوە، ناو و دەنگی تۆمارکراو لای نوسەر پارێزراوە.

- دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێكخراوی Internews لەسەر نووسینی شێوازی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نوسەر ئەم راپۆرتەی نووسیوە.       


نیشانەکردن :

#ژن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP