بەپەلە

هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامی هەڕەشەكانی ئەردۆغان دەدەنەوە

- 9/2/2019 4:15:00 PM 8556 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی رێكخراوی چەكداری داعش لە سوریا، وەڵامی ئەو هەڕەشانەیان دایەوە كە سەرۆك كۆماری توركیا ئاڕاستەی هێزە كوردیەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فوراتی كرد.

رۆڵی شەڕڤانانیان بەرزنرخاند

پاش ئەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا سەبارەت بە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات هەڕەشەی كرد و رایگەیاند "پێداگرین لەسەر پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە هێزە كوردیەكان"، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامی ئەو هەڕەشانەیان دایەوە و رۆڵی شەڕڤانانیان بەرزنرخاند.

هێزەكانی هاوپەیمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ شەڕڤانان توانیویانە شكست بە داعش بهێنن

هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی داعش لەمیانی راگەیندراوێكدا و لە وەڵامی وتە زبرەكانی سەرۆك كۆماری توركیادا بڵاویانكردەوە "هێزەكانی هاوپەیمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) توانیویانە شكست بە داعش بهێنن و ئەو هەژمونەی تێكبشكێنن كە لە ناوچەكەدا هەیبو".

هێزێكی تایبەت بە هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتیش رایگەیاند "لە ماوەی چوار مانگی رابردودا و بە هاوكاری هەسەدە توانیویانە 225 چەكداری داعش دەستگیربكەن و لە ماوەی دو مانگی رابردودا نزیكەی دو تەن بابەتی تەقینەوە و بۆمب لە مەیدانەكانی جەنگ پوچەڵبكەنەوە".

شەڕڤانانهەوڵەكانیان بەردەوامە و پێداگرن لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە

هاوكات لیوا ئێریك هیڵ، فەرماندە لە هێزەكانی ئاسمانی تایبەت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی چەكداری داعش لەمیانی لێدوانێكدا وتی "هاوكارانمان (هەسەدە) لە پڕۆسەی روبەڕوبونەوەی چەكدارانی داعشدا كاری زۆر سەخت ئەنجامدەدەن تا لە داهاتوی باكور و رۆژهەڵاتی فورات بیانسڕنەوە، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هەوڵەكانیان بەردەوامە و پێداگرن لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە ".
هەسەدە هاریكاربوە لە هەوڵەكان بۆ پابەندبون بە رێككەوتننامەكەی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا 

ئاماژەی بەوەشكرد "لەماوەی دواییدا، هێزەكانی سوریای دیموكرات هاریكاربوە لە هەوڵەكان بۆ پابەندبون بە رێككەوتننامەكەی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا سەبارەت بە ناوچەی ئارام و بنیادنانی لە پێگە سنوریەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات و بەشێك لە سەنگەرانی ئەو ناوچەیەی گواستوەتەوە لە چوارچێوەی رێككەوتننامەكەدا".

ئەو وتانەی بەرپرسانی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا لەكاتێكدایە، دوێنێ یەكشەممە، رەجەب تەییب ئەردۆغان لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند "پێداگرن لەسەر پاككردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات و بە هیچ شێوەیەك ناتوانن لە دورەوە سەیری پێشهاتەكان بكەن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP