بەپەلە

رۆژئاڤا هۆشداری دەداتە هەریەك لە ئەنقەرە و دیمەشق

- 9/2/2019 10:18:00 AM 17342 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە چوارچێوەی هەڕەشەكانی سەرۆك كۆماری توركیادا بۆ سەر ئیدارەی كورجی رۆژئاڤا و كوردانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات هۆشداری دایە هەریەك لە حكومەتەكانی توركیا و سوریا.

پشێویەكی زۆر دروستدەبێت و خاكی توركیاش سەقامگیری لەدەستدەدات

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ئیدارەی خۆجێی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، سەبارەت بە دۆخی ئەمدواییەی ناوچەكە و هەڕەشەكانی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ سەر هێزە كوردیەكان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-ی رایگەیاند "لە ئەگەری جێبەجێكردنی هەڕەشكانی ئەنقەرەدا دژ بە شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، پشێویەكی زۆر دروستدەبێت و خاكی توركیاش سەقامگیری لەدەستدەدات".

لە رێگەی روسیاوە داواكاریەكانیان گەیاندوەتە دیمەشق

ئەو سەركردەیەی رۆژئاڤا، سەبارەت بە كۆبونەوەی نێوان روسیا و سوریا كە مانگی رابردو ئەنجامدرا ئاشكرایكرد "لە رێگەی روسیاوە داواكاریەكیان گەیاندوەتە حكومەتی دیمەشق، تا رێكارێكی سیاسی گشتگیر دەستپێبكرێت بە مەبەستی چارەسەری قەیرانی سوریا و دانپێدانانی ئیدارەی خۆجێی باكوری ئەو وڵاتە و هێزە چەكدارەكانی".

ئاماژەی بەوەشكرد "هەر لەو رێگەیەوە بژاردەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی و هەڕەشەكانی حكومەتی سوریامان رەتكردوەتەوە كە لە هەوڵی ئەوەدایە بە بەكارهێنانی هێزە سەربازیەكانی سەرجەم خاكەكان بخاتەوە ژێر ركێفی خۆی".

دوبارەبونەوەی ئەزمونی عفرین لە ناوچەكانی باكوری سوریا رەتدەكەینەوە

وتیشی "ئەزمونی عفرین شایەتحاڵە لە ئێستادا، كە سەدان هەزار دانیشتوی ئەو ناوچەیە چەندین كیلۆمەتر لە دوری ماڵ و سامانەكانیان لەنێو خێمەدا دەژین و لە داگیركاریەكانی حكومەتی توركیا هەڵهاتون، بۆیە دوپاتیدەكەینەوە كە بە هەمو شێوەیەك دوبارەبونەوەی ئەو ئەزمونە لە ناوچەكانی باكوری سوریا رەتدەكەینەوە".

هەر لەوباریەوە ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند "رۆژانە لەبارەی رفاندن و تاڵانكرن و كوشتنی ئەنقەست و رفاندن لەپێناو پارەیەكی زۆردا هەواڵمان پێدەگات لەو ناوچانەی ژێر دەستی هێزەكانی توركیادا و هاوكات سەبارەت بە دەستدرێژیكردنە سەر ژنان و كچان و بێڕێزیكردن بە شێخەكانی ئەو ناوچەیە و پەیڕەوی كردن لە راگواستن و دیمۆگرافیای ناوچەكە لە كوردیەوە بۆ توركی دەبیستین".

ئەوە لەكاتێكدایە، حكومەتی توركیا لە ئێستادا فشاری بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دروستكردوە، تا ناوچەی ئارام لە پێگە كوردیەكاندا دروستبكرێت كە مەوداكەی بۆ 460 كیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و دەشیەوێت هێزە سەربازیەكانی وڵاتەكەی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكەن.

داوامان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە سەرجەم هەرەشەكانی توركیا دژ بە ئیدارەی كوردی كۆتاییپێبێت

بەپێی وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "پێنج ملیۆن هاوڵاتی سوری لەو ناوچانەدا دەژین و پێیویستە لە ئارامی و سەقامگیری بەردەومدابن، بەوهۆیەوە داوامان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی جەنگی سوریا كردوە، ناوچەیەكی سنوری ئارام هەبێت و سەرجەم هەرەشەكانی توركیا دژ بە ئیدارەی كوردی كۆتاییپێبێت".

رێكارەكانی بەرژەوەندیخوازی تاكلایەنانە خزمەت بە چارەسەری سیاسی و رێكارەكانی ئاشتی ناكات 

لە كۆتایی وتەكانیشیدا، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاندوە "روانگەی بەكارهێنانی رێكارەكانی بەرژەوەندیخوازی تاكلایەنانە لە لایەن دیمەشقەوە، خزمەت بە چارەسەری سیاسی و رێكارەكانی ئاشتی ناكات و هاوكاردەبێت لە بەردەوامیدان بە جەنگ بۆ چەندین ساڵی دیكە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP