حاكم شێخ لەتیف: کاک مەسعود دەست خۆش خۆزگە پانزە ساڵ لەمەوبەر وات بکردایە

- 9/2/2019 12:01:00 AM 64093 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حاكم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشوی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێكدا دەستخۆشی لە مەسعود بارزانی دەكات و دەڵێت، خۆزگە پانزە ساڵ لەمەوبەر وات بکردایە.
چەندین جار لە پەرلەمانتارانی عەرەبەوە ئەوەمان گوێ لێدەبو دەیان وت کوردەکان تەنھا بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن و عێراق ئاو بیبات بەخەیاڵیاندا نایەت

 

حاكم شێخ لەتیف لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"کە ئێمە لەبەغدا بوین ،بۆمان دەرکەوت ئەو میکانیزمەی کە ھاوپەیمانی کوردستانی کاری پێ دەکات لە بەغدا ھەڵەیە، ئەوان تەنھا بەرگریان لە ماف و بەرژەوەندی ھەرێم وبەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەکرد، بۆیە چەندین جار لە پەرلەمانتارانی عەرەبەوە ئەوەمان گوێ لێدەبو دەیان وت کوردەکان تەنھا بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن و عێراق ئاو بیبات بەخەیاڵیاندا نایەت".

ئەمە وایکرد ڕۆژبەڕۆژ وێنای کورد لە بەغدا وا وێنا بکرێت کە مشە خۆرێکەو لەسەر لاشەی عێراق دەژی

 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت،"ئەمە وایکرد ڕۆژبەڕۆژ وێنای کورد لە بەغدا وا وێنا بکرێت کە مشە خۆرێکەو لەسەر لاشەی عێراق دەژی و ھەرچی دەیەوێت دەیبات و ھیچ سودێکی بۆ عێراق نیە، بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ سۆزی عەرەب و لایەنە سیاسیەکانی بۆ کورد کەمدەبۆوە".

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، حاكم شێخ لەتیف دەڵێت،"ئێمە بڕیارماندا بەھەمان ئەو گوڕوتینەی بەرگری لەبەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بەھەمان شێوە بەرگری لە داواکاری و بەرژەوەندیەکانی پارێزگاکانی تری عێراقیش بکەین، وەک بەرگری لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرەو ئەنبارو شوێنەکانی تریش".

راشیگەیاند،"کەسێکی وەک بەھا ئەعرەجی کە سەرۆکی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر بو لە بەرنامەیەکی شەرقیە بەیەکەوە بوین وتی، خۆزگە چەند ساڵە نوێنەرانی کورد لە بەغدا وەک ئێوە کاریان بکردایە، ئێوە خەڵکی وەتەنین بەرگری لەمافی کوردو عێراقیەکانیش بکەن، کەچی میدیای برادەرانی پارتی و نوسەرەکانیان و ھەندێ لە ھاوڕێ پەرلەمانتارەکانیشیان تۆمەتباریان دەکردین کە ئێمە عێراقچین و دژی ھەرێم کاردەکەین"

ئێستا دوای 10 ساڵ بەڕێز مەسعود بەرزانی دێتە سەر بۆچونەكەی ئێمەو ئامۆژگاری فراکسێۆنەکەیان دەکات کە بەرگری لە مافەکانی ھەمو خەڵکی عێراق بکەن

 

حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت،" ئێستا دوای 10 ساڵ بەڕێز مەسعود بەرزانی دێتە سەر بۆچونەكەی ئێمەو ئامۆژگاری فراکسێۆنەکەیان دەکات کە بەرگری لە مافەکانی ھەمو خەڵکی عێراق بکەن".

لە كۆتایشدا داوایكردوە كە مەسعود بارزانی داوا لە فراکسیۆنەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستانیش بکات بەرگری لە مافەکانی خەلکی ھەرێمی کوردستان بکەن.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP