وەرگرتنی ڤیزای بریتانیا بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت

- 9/1/2019 2:23:00 PM 86957 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆن ویلیکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبونەتەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بڕیاردراوە وەرگرتنی ڤیزای بریتانیا بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر بکرێت.

بریتانیا بە گەشبینی و ئەرێنی پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیە بۆ هەمو هاوکارییەک

 
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لەگەڵ جۆن ویلیکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبونەتەوە و لە کۆبونەوەکەدا کە جەیمس سۆرۆنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوە، باڵیۆزی بەریتانی رایگەیاندوە، وڵاتەکەی بە گەشبینی و ئەرێنی پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیە بۆ هەمو هاوکارییەک.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەکردندایە"، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە ئێستا کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە، هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی کۆمپانیا بریتانییەکان کرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

 پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەردەوامن و پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەیەکی راستدا دەڕۆن

 

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و رونیکردەوە، ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەیەکی راستدا دەڕۆن و لە یەکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوو.

لەمەودوا پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت

 

سەرۆکی حکومەت داوای لە باڵیۆزی بەریتانیاش کرد کە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ هاتوچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردولادا بە تایبەتی بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بتوانن سەردانی بەریتانیا بکەن، لەم روەوە باڵیۆزی بەریتانیا رونیکردەوە، "لەمەودوا پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت".

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕابون لە سەر مەترسی هەڕەشەکانی داعش کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەستیان بۆ خۆرێکخستنەوە و جموجۆڵ کردوەتەوە و بونەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە و رێگریش لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات بۆ شوێنەکانیان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP