بەپەلە

داوه‌رانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی فیستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵانی ئیسفه‌هان دیاریکران

- 9/1/2019 9:05:00 AM 610 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ناوه‌کانی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی 32هەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.

به‌پێی راپۆڕتی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی 32هه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، عەلیڕەزا تابێش، به‌رپرسی فیسیڤاڵ، له‌ چه‌ند حوکم و بڕیاری جیادا ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی 32هه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هانی دیاریکرد.

به‌م پێیه‌ ئیره‌ج ته‌هماسب، ئه‌مروڵڵا ئه‌حمه‌دجو، غوڵامڕه‌زا ره‌مه‌زانی، ساره‌ به‌یات، مه‌رجان ئه‌شره‌فی زاده‌، حامید جه‌عفه‌ری و عه‌لی مه‌زاهیری پێکهاته‌ی 7 که‌سیی ده‌سته‌ی ناوبژیوانانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌که‌ پێک ده‌هێنن.

ئیره‌ج ته‌هماسب

ئیره‌ج ته‌هماسب، پێشکه‌شکاری ته‌له‌ڤیزیۆن، ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنوسی ئێرانیه‌، ئه‌و ده‌رچوی به‌شی شانۆ له‌ کۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی زانستگای تارانه‌، ته‌هماسب ده‌وری ئه‌کته‌ری، ده‌رهێنان و نوسینی ده‌قی سیناریۆی فیلم گه‌لێکی وه‌کو کڵاوسور و کوری پور ، یه‌کێک بو، یه‌کێک نه‌بو، کڵاوسور و سه‌روی ناز، له‌ ژێر دره‌ختی هڵو و کڵاوسور و بچه‌ نه‌نه‌ و هتد له‌ کارنامه‌ی هونه‌ریدا هه‌یه‌.

ئه‌مروڵڵا ئه‌حمه‌دجو

ئه‌مروڵڵا ئه‌حمه‌دجو، ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنوسی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌ که‌ کاری خۆی به‌ چێکردنی کورته‌ فیلمه‌کان ده‌ستپێکرد، ئه‌و خوێندنی له‌ به‌شی فیلمهه‌ڵگرتنی سینه‌ما له‌ قوتابخانه‌ی باڵای ته‌له‌ڤیزیۆن ته‌واوکرد و یه‌که‌مین به‌رهه‌می سینه‌مایی خۆی "چڵه‌کانی داری بی" بو، له‌ به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ده‌توانرێ به‌ زنجیره‌ درامای ته‌له‌ڤیزیۆنی "رۆژێک رۆژگارێک" ئاماژه‌ بدرێت.

حامید جه‌عفه‌ری

حامید جه‌عفه‌ری، به‌رهه‌مهێنه‌ری سینه‌ما و ئه‌نیمه‌یشێن خه‌ڵکی ئێرانه‌، ئه‌و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌شی ئابوری و سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گروپی هونه‌ریی پویایه‌، جه‌عفه‌ری چالاکی پیشه‌یی خۆی به‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نیمه‌یشێنی سینه‌مایی "9:20 له‌ بوشێهر" له‌ سینه‌مادا ده‌ستپێکرد و ئێستاکه‌ش وه‌کو یه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ری سینه‌مایی ئه‌ندامی فه‌رمی کۆمه‌ڵگای پیشه‌یی به‌رهه‌مهێنه‌رانی سینه‌مای ئێرانه‌. 

ئه‌و به‌رهه‌مهێنانی پڕفرۆشترین ئه‌نیمه‌یشێنه‌کانی مێژوی سینه‌مای ئێران "شاهزاده‌ی رۆم" و "فیلشاه"ی له‌ ئه‌ستۆدا بوه‌ و توانیویه‌تی دیپلۆمای شانازی له‌ 18یه‌مین جه‌ژنی سینه‌مای ئێران به‌ده‌ست بهێنێت.

غوڵامڕه‌زا ره‌مه‌زانی

غوڵامڕه‌زا ره‌مه‌زانی، ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنوسی بواری منداڵان و مێرمنداڵان خه‌ڵکی ئێرانه‌، ئه‌و ده‌رهێنانی فیلمه‌کانی زه‌ربه‌ فه‌نی، هه‌ڵاتن له‌ ئوردو، چۆله‌که‌ی ئه‌شی مه‌شی و چه‌ندانی دیکه‌ی له‌ ئه‌ستودا بوه‌ و زۆربه‌ی چالاکییه‌که‌ی له‌ بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ دایه‌، نوسینی به‌رهه‌م گه‌لێکی زۆر له‌ بواری منداڵاندا له‌ سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆن له‌ ئه‌ستۆی ره‌مه‌زانی دابوه‌.

ساره‌ به‌یات

ساره‌ به‌یات، ئه‌کته‌ری سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆن و ده‌رچوی به‌شی ئه‌کته‌ری له‌ دامه‌زراوه‌ی کارنامه‌یه‌، به‌یات له‌ ساڵی 1389ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 2010ی زایینی بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی "جیابونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین" هه‌ڵبژێردرا و له‌ درێژه‌شدا، له‌گه‌ڵ له‌یلا حاته‌می، سارینا فه‌رهادی و کیمیایی حوسێنی خه‌ڵاتی ورچی زێوینی باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌تی له‌ فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین به‌ده‌ستهێنا. 

ده‌ورگێڕانی ئه‌و له‌ فیلمی سینه‌مایی 21 رۆژ دواتر له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌دڕه‌زا خیره‌دمه‌ندان سه‌رنجی هه‌موانی بۆ لای خۆی راکێشا.

مه‌رجان ئه‌شره‌فی زاده‌

مه‌رجان ئه‌شره‌فی زاده‌، نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆن، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی کارناسی باڵا واته‌ ماسته‌ری ئه‌ده‌بیاتی شانۆگه‌ری له‌ کۆلێژی سینه‌ما و شانۆی زانستگای هونه‌ره‌، له‌ گرینگترین به‌رهه‌مه‌کانی "مه‌رجان ئه‌شره‌فی زاده‌" ده‌توانرێ به‌ چالاکی له‌ زنجیره‌ درامای "شکۆی یه‌ک ژیان"، زنجیره‌ درامای "ئه‌وی دیکه‌" و ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "ئابجی" ئاماژه‌ بدرێت. ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ بواری کورته‌ فیلمیشدا چالاکییه‌کی زۆری هه‌بوه‌.

دوکتۆر محه‌مه‌دعه‌لی مه‌زاهیری

دکتۆر عه‌لی مه‌زاهیری، ده‌رونناس و مامۆستای زانستگای شه‌هید به‌هه‌شتی تاران و سه‌رۆکی کۆلێژی زانسته‌کانی په‌روه‌رده‌ و ده‌رونناسی له‌ زانستگای شه‌هید به‌هه‌شتییه‌. 

هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌رونناسانی ئێرانه‌ و به‌شی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌که‌ی ده‌رونناسیی منداڵه‌، مه‌زاهیری وتارگه‌لێکی زۆری له‌ بواری ده‌رونناسی له‌ گۆڤار و بڵاڤۆکه‌ جۆراوجۆره‌کاندا چاپ کردوه‌، ئه‌و هه‌روه‌ها نوسه‌ری چه‌ندین کتێبیشه‌‌ له‌م بواره‌دا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP