بە وێنە... لەپێناو گەشتكردن لەگەڵ خۆشەویستەكەی، 11 رۆژ منداڵەكانی جێهێشت و یەكێكیان لە برسا گیانیلەدەستدا

- 8/31/2019 10:52:00 PM 70782 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەپێناو گەشتكردن و بەسەربردنی كات لەگەڵ خۆشەویستە نوێیەكەی و كچە بچوكەكەیاندا، دایكێك دو منداڵی سێ ساڵان و یەك ساڵانی بۆ ماوەی 11 رۆژ بە تەنها بەجێهێشتوە، بەوهۆیەوە منداڵە یەك ساڵانەكە گیانیلەدەستداوە.

لە شاری كیڤ لە ئۆكرانیا، ڤلادیسلاڤا ترۆكیمچوك كە تەمەنی 23 ساڵە و لە هاوسەری پێشوی كچێكی سێ ساڵان و كوڕێكی یەك ساڵانی هەبوە، بە مەبەستی گەشتكردن لەگەڵ خۆشەویستە نوێیەكەی و منداڵە تازە لەدایكبوەكەیان چوەتە دەرەوە و بۆ ماوەی 11 رۆژ منداڵەكانی دیكەی بە تەنها لە ماڵەكەیدا بەجێهێشتوە.

ئەو دو منداڵە تەواوی 11 رۆژەكە بە تینوێتی برسیەتی ماونەتەوە و  لە ئەنجامدا، دانیێڵ-ی تەمەن یەك ساڵان  بەهۆی تینویەتی و برسیەتیەكی زۆرەوە گیانیلەدەستداوە، بەڵام ئاننا-ی سێ ساڵان بەهۆی ئەوەی ئاوی گوڵدانێكی ماڵەكەی خواردوەتەوە سەرەڕای ئەوەی توشی كەمخۆراكیەكی زۆر بوە، توانیویەتی لە ژیاندا بمێنێتەوە.

زانیارییە هەواڵیەكان ئاماژە بەوەدەكەن، منداڵەكان لە برسا هەوڵیانداوە نایلۆن و كاغەزی دیوار و دەرگاكان بخۆن، شوێنەواری ددانەكانیان بە دیوارەكانەوە دەركەوتوە و هەوڵیانداوە لە ژێر دەرگاكەوە بۆشاییەك بۆ دەربازبون بكەنەوە.

بەپێی نوسراوێكی دادگا، پێشتر ڤلادیسلاڤا بە مەبەست منداڵەكانی برسیكردوە، تا وێنەیان بگرێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بە مەبەستی داواكردن و وەرگرتنی یارمەتی ماددی وێنەكانیان بڵاوبكاتەوە.


هاوكات رۆژنامە ناوخۆییەكانی ئۆكرانیا ئاماژەیان بەوەكردوە، لە چێشتخانەكەدا خواردن هەبوە، بەڵام بەهۆی بەستی دەرگا و راڕەوەكانەوە، منداڵەكان نەیانتوانیوە بچنە چێشتخانەكە، پاش 11 رۆژیش كاتێك نەنكی منداڵەكان (دایكی باوكیان) چوەتە ئەو شوێنە منداڵەكانی بە برسێتی و تینوێتی دۆزیوەتەوە و پۆلیسی ئاگادار كردوەتەوە.

دایكی ئەو منداڵانە پاش روداوەكە رایگەیاندوە "هەرگیز نەیویستوە ئەنجامەكە بەو شێوەیەبێت و هەمیشە لە خەیاڵی گەورەبون و تەواوكردنی خوێندنیاندا بوە"، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆیی ساتی بڕیاری دادگا بە بەنكردنی بۆ ماوەی هەشت ساڵ، ئەو ژنە پێكەنیوە و چەپڵەی لێداوە.

ئەو روداوە ساڵی 2016 رویداوە، بەڵام لە ئێستادا و پاش تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر تاوانەكەدا، داكۆكیارانی مافی مرۆڤ و داواكارانی گشتی هەوڵدەدەن بۆ دوبارە تێهەڵچونەوە و پێداچونەوەی بڕیارەكە لە لایەن دادگاوە، تا ماوەی زیندانیەكە بگۆڕن بە زیندانی هەتا هەتایی.

لە ئێستادا، خانەوادەیەك ئاننا-ی كچی تاوانبارەكەی گرتوەتەخۆی، بەڵام ڤلادیسلاڤا دەتوانێت ئەگەر لە زیندان رزگاری بێت، كچە بچوكەكەی دیكەی كە ناوی سۆفیایە بەخێوبكات.


نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP