پۆمپیۆ: كەشتیە نەوتهەڵگرە ئێرانیەكە بەرەو سوریا ئاراستەی گۆڕیوە

- 8/31/2019 4:25:00 PM 1313 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، زانیاری تەواویان هەیە كە، كەشتیە نەوتهەڵگرە ئێرانیەكە لە ئێستادا ئاڕاستەی بەرەو وڵاتی سوریا گۆڕیوە.

زانیاری وردمان پێگەیشتوە

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ هەینی رایگەیاند "سەبارەت بە كەشتی نەوتهەڵگری ئادریان داریا زانیاری وردمان پێگەیشتوە و لە ئێستادا ئەو كەشتیە بەرەو سوریا ئاڕاستەی خۆی گۆڕیوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو كەشتیە كە لە ماوەی رابردودا لە لایەن حكومەتی جەبەلتاریق-ەوە دەستیبەسەرداگیرا و دواتر ئازادكرا، لە ئێستادا بەرەو ناوچەی تەرتوس-ی سوریا بەڕێكەوتوە".

لە ئێستادا لە لیستی تێرۆری ویلایەتە یەكگرتوەكاندایە

هاوكات وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە  یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دوێنێ هەینی سزای سەپاند بەسەر ئەو كەشتیە نەوتهەڵگرەدا و لە راگەیندراوێكدا بڵاویكردەوە "ئادریان داریا، كە پێشتر ناوی گرەیس-1 بوە، لە ئێستادا لە لیستی تێرۆری ویلایەتە یەكگرتوەكاندایە".

2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی هەڵگرتوە

بەپێی ئەو زانیاریانەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە، ئەو كەشتی ئادریان داریا 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی هەڵگرتوە كە فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سودی لێدەبینن".

كەشتی نەوتهەڵگری ئادریان داریا، كە پێشتر ناوی گرەیس-1 بو. لە رێكەوتی 4ی تەمموزی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هەڵگرتنی نەوت بەرەو سوریا و پێشێلكردنی سزاكانی ئەوروپا بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە لایەن دسەڵاتدارانی حكومەتی جەبەلتاریق-ەوە دەستیبەسەرداگیرا.

دواتر و لە رێكەوتی 18ی ئاب-ی ئەمساڵدا، سەرەڕای هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ ئازادنەكردنی، دەسەڵاتدارانی جەبەلتاریق رێگەیان پێدا جارێكی دیكە بكەوێتەوە كار، لەو كاتەشەوە تا ئێستا كەشتیەكە چەندین ئاڕاستەی گۆڕیوە و هیچ وڵاتێكیش ئامادەیی پیشان نەداوە كەشتیەكە لە كەناراوەكانیدا لەنگەر بگرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP