بەپەلە

پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبونەوەی خولی پایزه‌ ئەنجامدەدات

- 8/31/2019 12:29:00 PM 1609 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان سبەی یەکەم کۆبونەوەی خولی پایزه‌ ئەنجامدەدات و بەپێی بەرنامەکە کاری کۆبونەوەکەش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە کۆبونەوەکەدا وتاریان دەبێت.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، بەڵام لە کارنامەی کۆبونەوەکەدا پڕۆژه‌یاساى چاکسازى تیادا نیە.

بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکە کە ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاویکردوەتەوە، لە بڕگەی یەکەمدا بە یه‌ك ده‌قیقه‌ بێ ده‌نگی وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی کۆبونەوەکە دەستپێدەکات.

بڕگەی دوەمیش تایبەتە بە كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ ماده‌ 18ه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان.

هاوکات لە بڕگەی سێیەمی کارنامەکەدا هاتوە، وتارى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان-عێراق و لە بڕگەی چوارەمیشدا وتارى سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ خستنه‌ڕوى ئه‌وله‌وییه‌تی ته‌شریعییان له‌ وه‌رزى یاسادانانى نوێ ته‌نها له‌ ماوه‌ى 3 خوله‌كدا دەخوێندرێتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کە بڕیارە بەمنزیکانە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکات، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی وتی، "هێشتا دیارنیە کەی پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن".

نیشانەکردن :

#پەرلەمانی کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP