لە دەروازەی کۆنگرەدا پاشگری ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتو دابەشدەکات

- 8/30/2019 6:07:00 PM 5055 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان-

وا چاوەڕێ دەکرێت ھەتا بە کۆتایی ئەمساڵ دەگات هەردو حزبە گەورە ئیسلامیەکە، کۆمەڵ و یەکگرتو، کۆنگرەی خۆیان ببەستن، ھەتا ئێستا مشتومڕی لێکردنەوە یان مانەوەی پاشگری ئیسلامی جەوھەری مشتومڕ و  دیالۆگی جیاوازی ناوەکی و دەرکی ئەو  دو هێزە ئیسلامیەیە.  

 چارەنوس و ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێی ئەو دو ھێزە ئیسلامیە دەکات

 

کەناڵی جەزیرەی عەرەبی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەو بابەتە ئامادە کردوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە چارەنوس و ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێی ئەو دو ھێزە ئیسلامیە دەکات.

 ئاڕاستەیەک کە پشتیوانی مانەوەی پاشگری ئیسلامی و ئاڕاستەکەی دیکەش کە دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکەن

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەدابەشبونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو دو حزبە ئیسلامیە کراوە بەسەر دو ئاراستەی جیاوازدا، ئاڕاستەیەک کە پشتیوانی مانەوەی پاشگری ئیسلامی و ئاڕاستەکەی دیکەش کە دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکەن و بەگرنگی دەزانن پاشگرەکە بمێنێتەوە.

بونی پاشگری ئیسلامیی بۆ حزبە ئیسلامییەکان بوەتە هۆکار بۆئەوەی بەشێوەیەکی جیاکاریی نەرێنی لە حزبە سیاسییە ئیسلامیەکان بڕوانرێت
ئەبوبەکر کاروانی سەرکردەی دیار لە یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان بە کەناڵی جەزیرەی عەرەبی ڕاگەیاندوە، بونی پاشگری ئیسلامیی بۆ حزبە ئیسلامییەکان بوەتە هۆکار بۆئەوەی بەشێوەیەکی جیاکاریی نەرێنی لە حزبە سیاسییە ئیسلامیەکان بڕوانرێت.
 ئەو پاشگرە بە ناوی ئەو دو حزبەوە، ڕێگرە لەوەی حزبە ئیسلامییەکان پێش بکەون و  بەرەو سەرکەوتن هەنگاوی گەورە بنێن

 

کاروانی ئاماژەی بەوەشکردوە کە بونی ئەو پاشگرە بە ناوی ئەو دو حزبەوە، ڕێگرە لەوەی حزبە ئیسلامییەکان پێش بکەون و  بەرەو سەرکەوتن هەنگاوی گەورە بنێن.

 ئەگەری ئەوە هەیە هەر حزبێکی ئیسلامیی پاشگرەکەی لێبکاتەوە ببێتە هۆی توڕەیی ئەندام و لایەنگرانی

 


ھەر لەو بارەوە عەبدولستار مەجید، ئەندامی ناسراوی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی بەو کەناڵەی وتوە "کە ئەگەری ئەوە هەیە هەر حزبێکی ئیسلامیی پاشگرەکەی لێبکاتەوە ببێتە هۆی توڕەیی ئەندام و لایەنگرانی".
جەماوەری ئێمە بە ئیسلامیی دەماناسێت و ئەو حزبانەی پاشگری ئیسلامیان هەڵگرتوە، بەوە جیا دەکرێنەوە لەئەوانیتر

 


ئەو ئەندامە دیارەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ وتوشیەتی "ئێستا جەماوەری ئێمە بە ئیسلامیی دەماناسێت و ئەو حزبانەی پاشگری ئیسلامیان هەڵگرتوە، بەوە جیا دەکرێنەوە لەئەوانیتر".
پشتیوانی پێشنیار و پڕۆژەی لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی ناکات لە ئێستادا و دژیەتی

 


مەجید جەختیشی کردوەتەوە "کە ئەو وەک خۆی پشتیوانی پێشنیار و پڕۆژەی لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی ناکات لە ئێستادا و دژیەتی".
ھۆکاربوە بۆ ئەوەی لەساڵانی ڕابردودا لەناو ئەو دو حزبەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو وازهێنان و دەستلەکارکێشانەوە و زیزبون ڕوبدات

 


بەگوێرەی شارەزایەکی بواری ئیسلامی سیاسی بۆ خەندان "ئەم بابەتە ئاڵۆزە و لەناو ھێزە ئیسلامیەکاندا پێشینە وڕیشەیەکی مێژوی و عەقائیدی و سیاسی دورودرێژی ھەیە ھەرئەمەش ھۆکاربوە بۆ ئەوەی لەساڵانی ڕابردودا لەناو ئەو دو حزبەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو وازهێنان و دەستلەکارکێشانەوە و زیزبون ڕوبدات و ھۆکار بوە بۆئەوەی چەندین ئەندام و سەرکردەی ناسراوی  هەردوحزب لەو دو ھێزە ئیسلامیە دوربکەونەوە یان ھێزی نوێ دروست بکەن.
 نابێت لایەنە ئیسلامییەکان بەتایبەتی کۆمەڵی ئیسلامیی، لەو بڕیار و بابەتەدا پەلە بکات

 

سەبارەت بەھەمان بابەت لە ماوەکانی ڕابردودا دڵشاد گەرمیانی، سەرکردەی بەنفوز و ناسراو لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە وتارێکیدا وەک ھوشداریەک بۆ حزبەکەی و بزاوتە ئیسلامیەکانی دیکەش ئاماژەی بەوەکردبو "کە نابێت لایەنە ئیسلامییەکان بەتایبەتی کۆمەڵی ئیسلامیی، لەو بڕیار و بابەتەدا پەلە بکات".

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP