هەواڵی ئەمڕۆ

تورکیا بۆ قوبرس: ئەگەر پێویست بکات ئەوەی 45 ساڵ لەمەوبەر بەسەرمان هێنان دوبارەی دەکەینەوە

- 8/30/2019 5:54:00 PM 14758 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لێدوانێکی "شەرەنگێزانە"ی ئاراستەی قوبرس کرد و دەڵێت" ئەگەر پێوست بکات ئەوەی لە 1974دا بەسەرمان هێنان، دوبارەی دەکەینەوە".

ئەو لێدوانەی ئاکار لە میانی بەڕیوچونی مەراسیمێکی سەربازی وڵاتەکەیدا بە بۆنەی پلەبەزرکردنەوەی کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازی و وتیشی"ئێمە لە هەمان پێگەی ساڵی 1974 داین، ئەوەی ئەو کاتە پێوستی کرد ئەنجامبدرێت، دەشێت ئەمرۆش دوبارەی بکەینەوە".

وەزیری بەرگری تورکیا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەو لەشکرکێشیەی وڵاتەکەی کرد کە ساڵی 1974 بۆ سەر دورگەی قوبرس ئەنجامیاندا و تیایدا یەک لەسەر سێی خاکی قوبرسیان داگیرکرد.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاکار جەختی لە ئەنجامدانی لەشکرکێشی کرد کە ناوبراو وەک"پارێزگاریەک لە خاکی تورکیا" باسی لێوە دەکرد.

"ئێمە هەرگیز دەستبەرداری ماف و بەرژەوەندیەکانی خۆمان نابین، هەرگیز پاشەکشە ناکەین و ئەوەشمان بۆ هەمو جیهان ئاشکرا کردوە، هیچ کەسێک هێز و توانای ئێمە تاقینەکاتەوە، هیچ کەسێک هەنگاوی هەڵە نەنێت" ئاکار لە لێدوانە شەرەنگێزیەکەیدا وای وت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP