بەپەلە

پۆلیسی توركیا بە گوللـە وەڵامی دە هەزار پەنابەری ئیدلیب دەداتەوە

- 8/30/2019 5:38:00 PM 3493 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە مەبەستی رێگریكردن لە پەنابەرانی سوریا لە چونە ناو خاكی توركیا، پۆلیسی سەرسنور لە دەروازەی بابولهەوا گوللـە و گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێنا.

داوا دەكەن سنورەكان بەڕویاندا بكرێتەوە

ئاژانسە ناوخۆیی و جیهانیەكان رایانگەیاندوە، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگیان بە هەریەك لە حكومەتەكانی سوریا و روسیا بۆ وەستاندنی هێرش و بۆردومانەكانیان بۆ سەر ئیدلیب، هەزاران كەس لە خەڵكی ئەو ناوچەیە رژاونەتە ناوچە سنوریەكانی توركیا و داوا دەكەن سنورەكان بەڕویاندا بكرێتەوە.

بە گوللـە و گازی فرمێسكڕێژ رێگریان كردوە سنورەكان تێبپەڕێنن

بە گوێرەی وتەی چەند شایەتحاڵێك، ئەو هاوڵاتیە سورییانەی لە دەروازە سنوریەكانی نێوان ئیدلیب و توركیا كۆبونەتەوە، داوایانكردوە هێرشەكان بوەستێندرێت و ناوچەكە ئارامبكرێتەوە، لە بەرامبەریشدا پۆلیس و جەندرمەی توركیا بە گوللـە و گازی فرمێسكڕێژ رێگریان كردوە سنورەكان تێبپەڕێنن لە ئەنجامیشدا كەسێك بە گوللـەبرینداربوە. 

لە پارێزگای ئیدلیب ماوەی چەمد رۆژێكە سوپای سوریا بە هاوكاریە سەربازیەكانی روسیا بۆردومانی ناوچە جیاوازەكان دەكەن و بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی سیڤیل گیانیانلەدەستداوە و برینداربون.

هەر لەو ناوچەیەدا، چەند خاڵێكی سەربازی سەر بە وڵاتی توركیا هەیە و لە دوایین لێدوانیشدا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "تا كێشە سیاسیەكان چارەسەر نەكرێن سەربازەكانیان سوریا جێناهێڵن".

حكومەتی دیمەشق ئاماژە بەوەدەكات "هێرشەكانیان بۆ سەر ئیدلیب بە مەبەستی بەئامانجگرتنی چەكدارانی (بەرەی رزگاركردنی شام)ە، كە پێشتر ناوی گروپەكە بەرەی نەسرە بو، هەر لەو ناوچانەی چەكدارانی ئەو گروپەی تێدایە، چەندین خاڵی چاودێری سەر بە هێزە سەربازیەكانی توركیا هەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP