بەپەلە

عێراق موڵكێكی زۆر بۆ كوێت دەگەڕێنێتەوە

- 8/29/2019 10:41:00 PM 6657 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا لە پەیمانگای دپلۆماسی شاری كوێت، حكومەتی عێراق موڵكێكی زۆری بۆ ئەو وڵاتە گەڕاندەوە.

لەو بارەیەوە، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق کرد بۆ گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆری موڵکی کوێت کە لە میانەی جەنگی ساڵانی 1990 و 1991 لە کوێت هێنرابونە عیراق. 

نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاندوە، گەڕاندنەوەی موڵکەکان نیشانەی هەنگاوێکی تری گرنگە بەرەو ئاسایی بونەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات.

پێگەی فەرمی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند،"لە مەراسیمێکدا لە پەیمانگەی دپلۆماسی شاری کوێت، کۆی 42000 پەرتوک و کەلوپەلی پەرتوکخانەی ناوەندی کوێت و زانکۆی کوێت ڕادەستی حکومەتی کوێت کرانەوە. خاتو هیدیکۆ هادزلیک، هەماهەنگکاری مرۆیی نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتوەکان، بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادەی مەراسیمی ڕادەستکردنەوەکە بو".

هەر بەپێی پێگەی نەتەوە یەكگرتوەكان، خاتو ئالیس وۆلپۆل، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هەردو حکومەتی عیراقی و کوێت کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان و داواشی لێکردن کە بەردەوام بن لەسەر هەماهەنگی هاوبەش بۆ داخستنی دۆسیەی موڵکە ونبوەکانی کوێت، بە ئەرشیفی نیشتیمانیشەوە، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 2107ی ساڵی 2013ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP