گروپى کچان و ژنانى رانیە لە هاوینەگەشتێکدا کۆبونەوە

- 8/29/2019 9:41:00 PM 114394 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژی سێشەممە 27/ 8/ 2019 لەکەرنەڤاڵ و ھاوینەگەشتێکدا ژنان و کچانی ڕانیە لەشارەکانی ھەولێر و سلێمانی و ڕانیەوە بۆ سەیرانگای دوکان ڕۆیشتن، بەوتەی یەكێك لە سەرپەرشتیارانی گەشتەكە زیاتر لە 200 كچ و ژنی رانیە بەشداری هاوینەگەشتەكە بون.

سەیران و کەرنەڤاڵى ژنان و کچانى رانیە هەمو تەمەنە جیاکان و پیشە جیاوازەکانى لەخۆى گرتبو، لە بڵاوکراوەیەکى گروپەکە لە فەیسبوک دەڵێـن،"لەخوانێکی نایابی پێکەوەیی بەرفراواندا ھەموان بەدەوری یەک سفرەی گەورەدا کۆبوینەوە". 

لە لێدوانیاندا بۆ خەندان ئەندامان و سەرپەرشتیارانى گروپى ژنان و کچانى رانیە باسیان لە چالاکیەکانى گروپەکە و کەرنەڤاڵ و هاوینەگەشتەکەی 27/8/2019 ى گروپەکەیان بۆ هاوینەهەوارى دوکان کرد.

 

شیرین حسێن، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی گروپی ژنان و کچانى رانیە لە لێدوانیدا بۆ خەندان وتى" گروپەکە لە سەرجەم چین و توێژەکان پێکهاتوە و ساڵانە چەندین گەشتدەکەین بەمەبەستى ئاگاداربون و سەردانیکردن و بەسەرکردنەوەى یەکتری".

شیرین حسێن وتیشى،"ئامانج لە دروستکردنى ئەو گروپە بەهێزکردنەوەى پەیوەندى و کۆکردنەوە و بەسەرکردنەوەى ژنان و کچانى رانیە لەسەر جەم شارو شارۆچکەکانى کوردستان".

 

شیرین حسێن ئاماژەى بەوەشدا ژنان و کچانى رانیە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان کوردستان بەشدارن لە گروپەکە و پێکەوە کاردەکەن و لە خۆشى و ناخۆشیەکاندا پێکەوەن.

نەورۆز ئەسوەد ئیسماعیل، ئەندامێکى دیکەى گروپى ژنان و کچانى رانیە لە لێدوانیدا بۆ خەندان وتى" گروپەکە زیاد لە 5 ساڵە هەیە و گەشتەکانیشیان بەردەوام دەبێت، پێكەوە كۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر ژیانی رۆژانە دەكەین".

 

بەیان کەمال-ى تەمەن 54 ساڵ ئەندامێکى دیکەى گروپەکەیە و خەڵکى رانیەیە و دانیشتوى شارى سلێمانیە لە لێدوانیدا بۆ خەندان وتى،" کۆبونەوەى گروپەکە دەمانگەڕێنێتەوە کاتى منداڵى و هەست بەخۆشیەکى زۆردەکەین بە بینینەوەى هاورێیانمان و گەرانەوە بۆ ژیانى ساڵانى پێشوى شارى رانیە".

بەیان کەمال ئاماژەى بەوەشدا بەشداربوانى کەرناڤاڵەکە زیاتر بون لە 200 ژن وکچ لە هەمو تەمەنە جیاوازەكان.

 

لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەو كچانەی لەو گەشتەدا بەشداریی كردوە (ئەژی عەدنان)ە، لە بارەی گەشتی گروپى کچان و ژنانى رانیە و كۆبونەوەیان بەو شێوەیە بە خەندان-ی راگەیاند، جێگەی خۆشحاڵی بو كە توانیمان ئەو ژمارە زۆرەی كچان و ژنانی رانیە كۆببینەوە و پێكەوە گەشتێكی خۆش بۆ هاوینەهەواری دوكان ئەنجامبدەین.

 

وتیشی،لە گەشتەكەماندا هاوەڵە كۆنەكانی دایكمان بینی، چەندین بەسەرهاتی رابردومان پێكەوە باسكرد و ئەو روداوە و بەسەرهاتانەیان بۆ گێڕاینەوە كە لەو سەردەمەدا بەشێك لە كچان و ژنانی رانیە بەسەریانهاتبو.

 

هەڤەند هیوا، كە كچێكی دیكەی تەمەن 22 ساڵە، یەكێكی دیكە بو لەوانەی بەشداری ئەو گەشتەی كردبو، بە خەندان-ی راگەیاند، بەراستی گەشتێكی خۆش بو، پێكەوە كچانەی ئەم سەردەمەی رانیە، لەگەڵ كەسوكارو ژنانی ساڵانی رابردوی رانیە كۆبوینەوە، سەرسام بو بەو خۆشەویستیەی لەنێوان ئافرەتانی ئەو سەردەمە هەبوە، خۆشەویستیەكی رۆحی بوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەبوە.

 

راشیگەیاند، كاتێك بەراوردی ژیانی ئێستا كە پڕیەتی لە تەكنەلۆجیا لەگەڵ ژیانی سەردەمانی رابردو دەكەیت، ئەو كاتە هەست بەوە دەكەیت، كچانی ئێستا كۆمەڵێك ئاسانكاری و خۆشگوزەرانیان هەیە و كۆمەڵێك گرفتیان هەیە، بە هەمانشێوە ژنانی ئێستاش لە سەردەمەكانی زودا بەكۆمەڵێك گرفتەوە نیگەران بون.

سەبارەت بە گەشتەكە وتی، لە گەشتەكەدا جۆرەها خورادن ئەمادەكرابو، چەندین ژنی تێدابو كە زیاتر لە 20 ساڵ بو یەكتریان نەبینیبو، بەهۆی ئەم گەشتەوە دوبارە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەهێزبونەوە، هیوادارین ئەو كۆبونەوانە بەردەوامیان هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێو كچان و ژیانی رانیە زیاتر بەهێز ببێتەوە.




 






Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP