هەواڵی ئەمڕۆ

بانکی نێودەوڵەتی بۆ مەسرور بارزانی: ئامادەین پسپۆڕ بنێرین بۆ هاوکاریکردنی حکومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا

- 8/29/2019 2:06:00 PM 3066 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ساروج کۆمار جاه، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی کۆبونەوە و بانکی نێودەوڵەتی پشتگیریی بۆ کارنامەی حکومەت دەربڕی و رایگەیاند، ئامادەن پسپۆڕ بنێرن بۆ هاوکاریکردنی حکومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی خۆی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، "کارنامە و هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکومەتمان خویندوەتەوە و بە کارنامەیەکی نایابی دەزانین، بانکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کارنامەکە دەکات و خۆشحاڵیشە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی".
پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا".
خوشحاڵین بە پشتیوانیی دەزگایەکی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکومەت

 

هاوکات مەسرور بارزانی رایگەیاند، "خوشحاڵین بە پشتیوانیی دەزگایەکی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکومەت کە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بە هەوڵ وتواناکانمان و پشتگیریی دۆستانمان گەشە بە ئابوری هەرێمی کوردستان بدەین و هەمەچەشنی بکەین، بە جۆرێک کە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستێت بەتایبەتی گرنگی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت".

ئاماژەی بەوشەکرد، "هەوڵدەدەین زەمینەیەکی باشتریش بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دروست ببێت تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP