عێراق؛ ئەو ئەندامانەی داعش كە پردی بابل-یان تەقاندەوە لەسێدارە دەدرێن

- 8/28/2019 3:55:00 PM 1808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
داداگی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو ئەندامانەی رێكخراوی چەكداری داعش دەركرد، كە پردێكیان لە باكوری بابل تەقاندەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هێزی ئەمنی كوژران.
دادگای عێراق بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی 11 ئەندامی داعش 

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای عێراق سەبارەت بە تەقاندنەوەی پردێك لە باكوری شاری بابل و كوژرانی ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەوهۆیەوە، بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی 11 كەس كە سەرجەمیان ئەندام و چەكداری رێكخراوی چەكداری داعش بون.

سەرجەم تاوانبارەكان دانیانناوە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیەدا

لە راگەیەندراوی دادگادا ئاماژە بەوەكراوە، سەرجەم ئەو تاوانبارانە دانیانناوە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیەدا رایانگەیاندوە لە ساڵی 2014 ئەو پردە ستارتیجیەیان تەقاندوەتەوە كە سەر بە ناحیەی جرف نەسر-ە لە پارێزگای بابل".

ئەو پردە لە ساڵی 2014 لە لایەن چەكدارانی داعش-ەوە بە تەواوەتی تەقێندرایەوە و لە ئاكامیشدا سێ كەس لە هێزە ئەمنیەكان كوژران و 19ی دیكەش برینداربون.

نرخی ئەو پردەیان بە 18 ملیار دیناری عێراقی مەزەندە كردوە

راشگەیەندراوە، شارەزایان نرخی ئەو پردەیان بە 18 ملیار دیناری عێراقی مەزەندە كردوە و دادگاش سەبارەت بە تاوانباران دەڵێت "دانیان بە ئەنجادانی چەندیم كردەوەی دیكەی تێرۆریستیدا ناوە، كە لە كات و شوێنی جیاوازدا ئەنجامیانداوە".

هاوكات دادگا دوپاتیكردوەتەوە "پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو تاوانبارانە لە دادگاییەكی كراوەدا و بە ئامادەبونی داواكاری گشتی و پارێزەری تاوانباران بەڕێوەچوە، دواتریش دادگا بڕیاریداوە بە لەسێدارەدانی 11 تاوانبار بەپێی ماددەی چوارەم لە یاسای بەرەنگاربونەوەی تێرۆر".


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP