فەرمانگەیەكی سلێمانی، بۆ جیاكردنەوەی پاشماوه‌كانى خۆڵ و خاشاك یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق

- 8/28/2019 3:27:00 PM 2313 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە هەنگاوێكدا، قائیمقامیەتی سلێمانی بوە یەكەمین فەرمانگە كە بە  شێوەیەكی پراكتیكی پاشماوەكانی خۆڵ و خاشاك لێكدی جیابكاتەوە.

یه‌كه‌م فه‌رمانگه‌ى حكومى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ جیاكردنەوەی خاشاك
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتوەتە دەست خەندان، قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە "لە هەنگاوێكی نوێدا و له‌سه‌ر فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى بڕیاردرا وه‌ك یه‌كه‌م فه‌رمانگه‌ى حكومى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان  قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ستپێشخه‌رى بكات بۆ جیاكردنه‌وه‌ى پاشماوه‌كانى  پلاستیك، شوشه‌ و مادده‌ خۆراكییه‌كان".
ئامانجمان له‌م كاره‌ پاراستنى ژینگه‌و ته‌ندروستى هاوڵاتیان و هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌

له‌ په‌یامێكدا ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند "ئامانجمان له‌م كاره‌ پاراستنى ژینگه‌و ته‌ندروستى هاوڵاتیان و هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌ له‌ مه‌ترسیه‌كانى پسبونى ژینگه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ به‌هۆى فڕێدانى مادده‌ پلاستیكی و شوشه‌ییه‌كان ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان روبه‌ڕوى پیسبونێكى زۆر ده‌بێته‌وه‌".

ئاماژه‌ى بەوەشكرد "پاراستنى ژینگه‌ ئه‌ركى هه‌موو تاكێكى هه‌رێمى كوردستانه‌و پێویسته‌ هه‌موان به‌وپه‌ڕى په‌رۆشیه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ پاراستنى ژینگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى پیسبونى ژینگه‌ زیانى بۆ هه‌موو تاكێكى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت". 

هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ده‌ستمانپێكردوه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كى گرنگ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌

قائیمقامى سلێمانى وتیشى "هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ده‌ستمانپێكردوه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كى گرنگ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌و هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌ ماڵى خۆیه‌وه‌ هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ بكات و هاوكار و به‌شداربێت له‌ پاراستنى ژینگه‌".

هاوكات هیواشى خواست له‌پێناو پاراستنى ژینگه‌و لایه‌نى ته‌ندروستى هه‌مو فه‌رمانگه‌ حكومى و ناحكومیه‌كان به‌شداربن له‌م هه‌نگاوه‌دا به‌ جیاكردنه‌وه‌ى پاشماوه‌كانى زبڵو خۆڵ و خاشاك .


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP