چیرۆکی ئادیان و ئادیامان

- 8/27/2019 8:55:00 PM 1781 جار خوێندراوەتەوە

نووسینی: ئەحمەد کامەران
 
ئادیان و ئادیامان دوو هاوڕێی و دوو برا بوون کە بە بەردەوامی  بەیەکەوە بوون وە هەروەها لەیەک شارو لەیەک گەڕەکدا لە دایک ببوون، بەڵام ئادیان هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی کۆچی دوایی دەکات،بەڵام دایکی وادەکات کە هەست بە نەبوونی باوکیان نەکەن کە لەهەمان کاتدا باوکایەتی و دایکایەتی بۆ کوڕو کچەکەی دەکات کە هەڵدەستێت بە کاری کارگوزاری لە نێو ماڵانی خەڵکدا بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی منداڵەکانی دابین بکات و وە ئادیانی کوڕی لە خوێندندا بەردەوام بێت  تاوەکو داهاتوویەک بۆخۆی و خێزانەکەی بدۆزێتەوە  کە لە هەژاری ڕزگاریان بکات ،وە خوشکەکەی ئادیان  ناوی (سۆلین) بوو بەڵام ئەو زۆر نەخۆش بوو تەندرووستیەکی زۆر خراپی هەبوو کە نەیتوانی لەسەر هەردوو پێیەکانی خۆی دا بڕوات، وە پێویستیشی  بە چارەسەرێکی زۆر گەورە هەبوو، بەڵام بە هۆی خراپی بارودۆخی  داراییان نەیان توانی چارەسەری بکەن بەڵام دایکی هەرگیز بێ هیوا نەبوو لە چارەسەری کچە تاقانەکەی دا.

بەڵام هاوڕێکەی ئادیان کەناوی( ئادیامان) بوو  خێزانەکەیان لەڕووی دارایی وە باش بوون وە سەرجەم پێداویستیەکانی کوڕەکەیان دابین کردبوو، هەرچەندە دایکی ئادیانیش بە بەردەوامی بە ڕۆژو شەوان کاری دەکرد بۆ ئەوەی کوڕەکەی لە قوتابخانەدا لەنێو هاوڕێکانی دا لە هیچ شتێکی دا کەم نەبێت و هەست بە کەمی خۆی نەکات لە نێو هاوڕیکانی دا، ئیتر بەم شێوەیە ئادیان و ئادیامان ڕۆژ  بە ڕۆژ هاوڕێتیەکەیان بەهێز دەبێت و وە بەردەوام دەبن لە خوێندنەکەیان دا وە ڕووبەروی سەرجەم ئاستەنگەکان دەبنەوە کە دێتە پێشیان،کەچی ڕۆژێکیان ئادیان و ئادیامان لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە ئادیامان بە ئادیانی هاوڕێی دەڵێت وەرە با ئەمڕۆ لە ماڵی ئێمە بیت بۆ خۆمان دەخوێنین و یاریش دەکەین ئادیانیش دەڵێ باشە هاوڕێی گیان  من دێمە ماڵی ئێوە کاتێک دەڕۆنە ماڵەوە ئادیان دایکی دەبینێت کە کاری پاکردنەوە بۆ ماڵی هاوڕێکەی  دەکات ، ئادیانیش ڕاستەوخۆ دەست بە گریان دەکات و ماڵەکە بە جێ دەهێلێت و دایکیشی بەدوای دەکەوێت و پێ دەڵێت کوڕە ئازیزەکەم من هیچ کارێکی هەڵەم نەکردووە تاوەکو تۆ هەست بە شەرمەزاری بکەی من تەنها لە نێو ماڵاندا کاری پاک کردنەوە دەکەم بۆ ئەوەی  بژێوی ژیانی تۆ و خوشکە نەخۆشەکەت دابین بکەم، وە هەروەها پێشی دەڵێت کوڕم من هیوایەکی زۆرم پێتە کە تۆ ژیانی خوشکە بچووکەکەت چاک دەکەیت و وە لەم هەژاریەدا ئێمە ڕزگار دەکەیت ،ئادیان بەو قسەی دایکی، ئیتر زۆر کاریگەر دەبێت وە بە گریانەوە باوەشێکی توند بەدایکی دەکات و دەڵێت دایکە گیان ئێمە ڕۆژێک دێت ئەم هەموو ناخۆشیانە تێدەپەڕێنین وە خوشکەکەشم چاک دەبێتەوە و لەسەر هەردوو پێیەکانی خۆی ڕادەوەستێتەوە وە لەگەڵ ئەم ژیانەدا جەنگی خۆی دەکات.

 ئیتر ڕۆژێکیان  ئادیان و ئادیامان  لەڕیگادان بۆ ئەوەی بڕۆن بۆ قوتابخانە، بەڵام بڕیارەکەیان دەگۆڕن و دەڕۆنە ناو دارستانێکەوە لەوێ دەست دەکەن بە گفتگۆکردن لە نێوان خۆیاندا سەبارەت بە داهاتووی خۆیاندا ،وە هەرچەندە ئادیان و ئادیامان جگە لەوەی  هاوڕێ بوون هەمیشە وەکو دوو برایش وابوون بۆ یەکتری کە هەردووکیان هەمان ئامانجیان هەبوو لەم ژیانەدا ئامەنجەکەیشیان  ئەوەبوو کە لە داهاتوو دا بە هەر کارێک و پیشەیەک بێت بتوانن، یارمەتی هەژاران و  منداڵانی بێکەس  و نەخۆشەکان بدەن ،بۆیە ڕاستەوخۆ دەستیان خستە نێو دەستی یەکتری و بە دەنگێکی بەرزەوە لەنێو دارستانەکەدا هاواریان کرد و  وتیان ئێمە سەردەکەوین و دەگەینە ئامانجەکانی خۆمان، بێگومان سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکان هەوڵدانێکی  لە ڕادەبەدەری دەوێت ، ئیتر بەم شێوەیە ئەم دوو هاورێی کۆڵنەدەرە بەردەوام بوون لە هەوڵدانەکانیان وە لە ئەنجامیشدا، نزیک بوونەوە لە ئامانجەکانیان  کە ئادیان توانی لە کۆلێژی پزیشکی وەربگیرێت وە ئادیامانیش لە بەشی یاسا وەرگیرا کە هەمیشە دەیوت من بە یاساوە پشتیوانی لە هەژاران دەکەم، دایکی ئادیان بە هاتنەوەی ناوی کوڕەکەی لە زانکۆ ئەو ڕۆژەی کرد بە جەژن و خۆشی  شیرینی بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرد ، ئادیان بە دایکی وت دایکە ئیتر تۆ لەمەو بە دوادا ئیتر پێویست ناکات کاری پاک کردنەوە بکەی بۆ ماڵان من خۆم دەست دەکەم بە کارکردن ،بەڵام دایکی دەڵێت کوڕم تۆ زانکۆکەت لە پێشە ئادیان دەڵێت هیچ کێشەیەک نیە دایکە گیان من هەردووکیان دەکەم، دایکی باوەشی پێدەکات و دەڵێت من شانازیت پێوە دەکەم کوڕم، ئیتر بەم شێوە ئادیان لەگەڵ ئادیامانی هاوڕێی خواردنگەیەکی بچووک دادەنێن ،وە ئادیان توانی بەم خواردنگە بچووکە داهاتی خۆیی و دایکی و خوشکە بچووکەکەی پەیدا بکات، هەرچەندە دایکی دایک و باوکی ئادیامان سەرەتا ڕێگریان لە کوڕەکەیان کرد کە کار بکات چوونکە پێیان وت کوڕم تۆ لە هیچ شتێکت کەم نیە تاوەکو بڕۆیت کار بکەی ئێمە هەموو پێداویستیەکانی زانکۆت بە زیادەوە بۆ دابین دەکەین، ئادیامان  بە دایک و باوکی دەڵێت من ئەو کارە دەکەم تەنها بۆ ئەوەی لە پشتی هاوڕێ تاقانەکەی خۆم بم کە ئەویش (ئادیانەکەمە).

ئیتر ئەم دوو هاوڕێیە توانیان قۆناغەکانی زانکۆ بە سەرکەوتوویی ببڕن و لە پاڵ ئەوەش توانییان خواردنگە بچووکەکەیان ببەن بە ڕێوە کە داهاتێکی گرنگ بوو بۆ خێزانەکەی ئادیان وە  ڕۆژێکیان دوو منداڵی بێکەس کە بەلای خواردنگە بچووکەکەی ئادیان و ئادیامان تێپەڕدەبن بەڵام هیچ پارەیەکیان پێیان نەبوو بۆ ئەوەی ژەمێکی خواردن بکڕن وە بە گریانەوە لە ئادیان و ئادیامان پاڕانەوە کە ژەمێکی خواردنیان پێ بدەن وە یەکێک لە منداڵە بێکەسەکان وتی من دوو ڕۆژە تامی هیچ خواردنێکم نەکردووە، ئیتر ئەم دوو هاوڕێیەش وتیان ئەمە یەکەم یارمەتی دانی بچووکمان دەبێت کە پێشکەشی ئەم دوو منداڵە بێکەسەی دەکەین،  بەڵام ئیتر هەتا کۆتایی تەمەنیان ئەم خواردنگە بچووکە نەبوو بە هاوڕێی و هۆکاری بژێویان، چوونکە ئەم دوانە ئیتر کۆلێژیان تەواو کرد و ئادیان لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان دەست بە کار بوو ، وە هەروەها ئادیامانی هاوڕێی نووسینگەیەکی تایبەت بە خۆی دانا بۆ کاری پارێزەری کە زۆربەی کارەکانی بە بێ بەرامبەر ئەنجام دا بۆ کەسانی هەژار و لێقەوماوان وە هەروەها بووە دەنگێکی ڕاستەقینە بۆ کەسانی ستەملێکراو، چوونکە ئەوە بەشێک بوو لە ئاواتەکانی ئادیامان کە پیشەکەی سەرەتا بخاتە خزمەتی خەڵکەکەی وە دوایش لەخزمەتی خۆی، ئادیامان جگە لە نووسینگە تایبەتیەکەی خۆی لەلایەن کۆمپانیەکەوە بانگهێشت کرا کە وەکو پارێزەر کار بکات  بەهۆی ئەو ناوبانگە جوانە کە لەلای خەڵک پەیدای کردبوو بۆیە وای لە خاوەن کۆمپانیاکە کردبوو کە بیکاتە پارێزەری کۆمپانیاکە، هەرچەندە ئادیانی هاوڕێشی بەردەوام بوو لە خزمەت کردن لە پیشەکەی خۆیدا ،کە ڕۆژێکیان کەسێکی بەتەمەن  بە پەلە دەهێنرێتە ئەو نەخۆشخانە تایبەتە کە ئادیان کاری تێدا دەکات، کەسە بە تەمەنەکە پێویستی بە نەشتەرگەریەکی گەورەیە کەبۆی ئەنجام بدرێت  کە تەنها لەم نەخۆشخانە تایبەتە ئەنجام دەدریت بەڵام بڕێکی پارەی زۆری دەوێت بۆ نەشتەرگەریەکە ،کە لە ئەنجام دا دەمەقاڵێ  ڕوودەدات لە نێوان خێزانی کەسە بە تەمەنەکە و لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە بەڵام  ڕاستەوخۆ ئادیان دەگاتە لایان و دەڵێت ئەم دەمە قاڵیە چیە لێرە ، ڕاستەوخۆ کارمەندی بەشی ژمێریاریەکە دەڵێت دکتۆر ئەم خێزانە پێویستیان بە نەشتەرگەریە بۆ ئەم کەسە بەتەمەنەیان بەڵام ئەو بڕە پارە زۆرەیان پێ نیە ئادیانیش بە توڕەییەوە دەڵێت ئەوە کەی کێشەیە ئەم شوێنە بۆ  خزمەتکردنی نەخۆش و هەژارانە نەک بۆ بازرگانی کردن، ئادیان بە کارمەندەکە دەڵێت من بەشەکەی خۆم وەر ناگرم لەم بەڕێزە بۆ نەشتەرگەریەکەی وە بەشەکەی تریشی تایبەت بە خۆشخانەکەتان من بە مووچەکەی خۆم   پێتانی دەدەم بۆیە تکایە ڕاستەوخۆ ئەم بەڕێزە ڕەوانەی ژووری نەشتەرگەری بکەن بۆ ئەوەی نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام بدەم ،خێزانی کەسە بەتەمەنەکە هەوڵ دەدات دەستی ئادیان ماچ بکات دەڵێت هەرگیز شتی وا مەکە چوونکە ئەوە ئەرکی سەر شانی خۆمە، چوونکە من لەمنداڵییەوە ئامانجم  یارمەتی دانی خەڵکی هەژار بووە وە جگە لەوەش خوشکێکم هەیە کە ڕۆژێک هیوای چاک بوونەوەی بۆ دەخوازم، ئیتر ئادیان نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام داو توانی وەکو جاران بگەرێتەوە بۆ ژیانی خۆی  ،ئیتر بەم شێوەیە ئەم دوو هاوڕێیە توانیان بەردەوام بن لە خزمەت کردنەکانیان بەرامبەر بە خەڵک و کەسی هەژاردا، ئادیامان دوای چەندین ساڵ لە نووسینگەکەی خۆیدا وە لەکۆمپانیاکەش کە وەکو پارێزەر کاری دەکرد ، بەڵام بۆ دواجار ماڵ ئاوایی لە هەردووکیان کرد چوونکە ئیتر خۆی بووە خاوەنی کۆمپانیایەکی گەورە  و وە لەسەرەتا دەستی کرد بە درووسکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورە کە ئادیانی هاوڕێی تێدا بووە بەڕێوبەرو خزمەتکاری نەخۆشخانەکە لەگەڵ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیە پزیشکیەکان و لەگەڵ چەندان دکتۆری بە ئەزموونی هێنایە نێو نەخۆشخانەکەوە، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خووشکەکەی ئادیان لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەربگرێت، وە جگە لەوەش ئادیامان هەستا بە کردنەوەی خانەیەکی گەورە بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک ،وە دوای ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێری و لە ئەنجامدا خوشکەکەی ئادیان توانی هەڵبستێتەوە سەر پێکانی خۆی و درێژە بە ژیانی خۆی بدات وە دایکی ئادیان لەدڵخۆشی چاک بوونەوەی کچەکەی دا نەیدەزانی چۆن خۆشی خۆی دەڕببڕێت ئیتر بەم شێوەیە خێزانەکەی ئادیان خۆشییەکی زۆر ڕوویان تێدا کرد ،وە ڕۆژێکیان ئادیان دایک وخووشکەکەی بانگ دەکات بۆ شوێنێک کە شوێنەکە ڤێلایەکی زۆر گەورەیە دایکی دەڵێت ئەمە چیە کوڕم ، ئادیان دەڵێت دایکە گیان ئەمە بۆ ئێوەیە دایکی بە پێکەنینەوە دەڵێت کوڕەکەم ئەمە بۆ ئێمە زۆر گەورەیە ئێمە بخە ناو خانوویەکی بچووک و سادەدا، ئەمەش بیدە بە چەندین کەسی هەژار با بۆ خۆیان لە ناوی دا بحەسێنەوە ،ئیتر بەم شێوەیە دایک و کچ و کوڕ هەرسێکیان باوەش بە یەکدی دەکەن و خەندە  لەسەر لێوەکانیان بزەی لێوە دێت،ئادیامان  پەیوەندی بۆ ئادیانی هاوڕێی دەکات دەڵێت هاوڕێکەم وەرە بۆ ئەو دارستانەکە کە پەیمانمان پەست ئادیانیش دەڵێت زۆرباشە هاوڕێگیان کەمێکی تر دێم بۆ ئەوێ ، ئیتر هەردووکیان لەوێ دووبارە یەکتر دەگرن و ئەم جارە بە دەنگی بەرزەوە دەڵێن ئێمە گەیشتینە ئامانجەکانی خۆمان و وە بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی خەڵکی هەژارو کەم دەرامەت هەتا ئەو ڕۆژەی هەناسە هەڵدەمژین لەم ژیانەدا.

تێبینی: سه‌رجه‌م به‌سه‌رهاته‌كانی ئەم چیرۆكە خه‌یاڵین و به‌ته‌نها له‌ دیدو خه‌یاڵی نوسەرەوە سه‌رجه‌م به‌سه‌رهاته‌كان نوسراون


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP