پوتین و ئەردۆغان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەسوریا رێکەوتن

- 8/27/2019 5:57:00 PM 18487 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش بەشداریکردنیان لەرێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان و بۆشایی ئاسمان MAKS-2019 لەروسیا، کەمێک بەرلەئێستا و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەریەک لە ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایانگەیاند، بەمەبەسەتی دورخستنەوەی تیرۆر بەشداریدەکەن لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەسوریا.

سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد بێدەنگ نابن لەنائارامییەکانی سەر سنوری وڵاتەکەیان و ئامادەن لەچوارچێوەی رێکەوتننامەی ئاستانادا کۆتایی بەنائارامییەکانی ئیدلیب بهێنن.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد ئیدلیب روبەروی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بوەتەوە و لەمانگی ئاداری رابردوەوە زیاتر لە500 هاوڵاتی ئەو شارە گیانیان لەدەستداوە. 

لای خۆشییەوە ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی ئاسایشی تورکیا لەسەر سنورەکانی ئەو وڵاتە هەنگاوێکی باشە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا. 

ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی سوریا لەکاتی راگەیاندنی رێکەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لەباکوری رۆژئاوای سوریا نیگەرانی دەربڕی و رایگەیاند ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریایە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP