رۆژئاڤا؛ ئیدارەی كوردی لە ناوچە سنوریەكانی نزیك توركیا دەكشێتەوە

- 8/27/2019 2:35:00 PM 3421 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئیدارەی كوردی لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات لە راگەیەندراوێكیدا جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی سەرەتای تایبەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا راگەیاند.

بەپێی رێككەوتنەكان هەنگاوی یەكەمی جێبەجێكردنی بنیادنانی ناوچەی ئارام دەستی پێكردوە

ئیدارەی كوردی لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكرد "بەپێی رێككەوتنەكان هەنگاوی یەكەمی جێبەجێكردنی بنیادنانی ناوچەی ئارام دەستی پێكردوە و بەردەوامدەبین لە پابەندبون بە رێككەوتنەكانەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە چوارچێوەی رێككەوتنە سێ قۆڵیەكەی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا و هێزە كوردیەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، لە ریكەوتی 24ی ئەم مانگەدا وەك یەكەم هەنگاو لە ناوچەكانی سەرێ كانێ ژمارەیەك سەنگەرمان هەڵگرتوە و ژمارەیەكیش لە چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و چەكی قورس بەرەو پێگەی نوێ كشاونەتەوە".

ئەو پێگانەی كە چۆڵكراون، دراونەتە دەست هێزە ناوخۆییەكان

ئاماژە بەوەشكراوە ، دوێنێ دوشەممە بە هەمانشێوە و لە چوارچێوەی هەمان هەنگاودا، لە ناوچەی گرێ سپی یەكینەكانی پاراستنی گەل چونەتە پێگە نوێیەكانیان و لە ناوچەی سنوری تایبەت بە ناوچەی ئارام دوركەوتونەتەوە و ئەو پێگانەی كە چۆڵكراون، دراونەتە دەستی هێزە ناوخۆییەكانی سەر بە ناوچەكان".

 لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، ئیدارەی ناوچە كوردیەكانی رۆژئاڤا رونیكردوەتەوە، ئەو هەنگاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پابەندن بە رێككەوتنە سێ قۆڵیەكە و پێداگرن لەسەر چارەسەركردنی سەرجەم پرسەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و لە رێگەی ئەنجامدانی دانوستانی.


نیشانەکردن :

#رۆژئاوای کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP