دو منداڵی کورد بونه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی ئیسفەهان

- 8/27/2019 9:48:00 AM 1040 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دو منداڵی کورد له هه‌رێمی کوردستان به ناوه‌کانی مه‌ستی فوئاد جه‌لال و میلانۆ فوئاد جه‌لال، وه‌کو ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی 32هەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ده‌ستنیشان کراون. 

به‌پێی راپۆڕتی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی 32هه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، دو منداڵی کورد له شاری سلێمانی له هه‌رێمی کوردستان به ناوه‌کانی مه‌ستی فوئاد جه‌لال ته‌مه‌ن 11 ساڵ و  میلانۆ فوئاد جه‌لال ته‌مه‌ن 16 ساڵ بۆ یه‌که‌مینجار له مێژوی هه‌رێمی کوردستان به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک منداڵ له وڵاتانی ژاپۆن، ڕوسیا، مالیزی، ئه‌رمه‌نێستان، جۆرجیا، پاکستان، لوبنان و ئێران وه‌کو ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی 32 هەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێردمنداڵانی ئیسفه‌هان ده‌ستنیشان کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، فیلمه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه سینه‌ماییه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵه گرینگه‌ی سینه‌مای منداڵانی جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا خه‌ڵاتی په‌پوله‌ی زێڕینی به‌شه‌کان به فیلمه‌ سه‌رکه‌وتوه‌کان پێشکه‌ش ده‌که‌ن. 

فیلمه سینه‌ماییه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی 32هەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان که ئه‌م منداڵانه‌ دادوه‌رییان ده‌که‌ن له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان پێکهاتون که بریتین له، ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سویسڕا، ڕوسیا، دانیماڕک، هۆڵه‌ندا، ژاپۆن، به‌لژیکا، قرقیزستان، تورکیا، نۆڕوێژ، لێتۆنی، هیندستان، ئه‌فریقای باشور، کرۆڤاسی و ئێران. 

فیلمی سینه‌مایی "کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری کورد به‌همه‌ن قوبادی یه‌کێکه‌ له‌ فیلمه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و خه‌ڵاتی په‌پوله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی 15مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP