لە كۆشكی سەلام سەركردەكانی عێراق لەسەر شەش خاڵ رێكدەكەون

- 8/27/2019 12:03:00 AM 16920 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سەر بانگھێشتی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بە ئامادەبونی هەریەك لە سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی، سەركردە سیاسییەكانی عێراق کۆبونەوە.

لە میانی كۆبونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە كرا، ھاوکات سەرۆكوەزیران فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە تەقینەوەی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی ئەم دواییەی پێشكەشی ئامادەبوان كرد.
سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیانەیان کرد کە کرایە سەر لیوای 45 ی حەشدی شەعبی لە قائم كە قوربانی و برینداری لێكەوتەوە

 

هەر لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبوان دوپاتیان لە گرنگی بە دواداچونی ڕێكارەكانی حكومەت کردەوە سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی دەرەكی و كردەنە ئامانجی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی، ھەروەھا سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیانەیان کرد کە کرایە سەر لیوای 45 ی حەشدی شەعبی لە قائم كە قوربانی و برینداری لێكەوتەوە، ئەم کارەش بە سەرپێچیەكی ئاشكرا بۆ سەر سەروەری عێراق دانرا.

گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پاراستن و بەهێزكردنی تواناكانی بەرگری لە ڕێگای كەناڵە كاریگەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە

 

ئامادەبوان جەختیان لە پشتیوانی حكومەت کردەوە لە گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پاراستن و بەهێزكردنی تواناكانی بەرگری لە ڕێگای كەناڵە كاریگەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە كە دەبێتەهۆی بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستدرێژیانە و بەرگریكردن لە ئاسایش و سەروەی عێراق. 

ھەروەھا بەشداربوانی كۆبونەوەكە دوپاتیان لە گرنگی پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی بە گشت هێزە سیاسی و پێكهاتەكانی عێراق كردەوە، لە پێناو ئاسایش و سەلامەتی و سەروەری عێراقدا.

ئامادەبوان تەئکیدیان لەوە کردەوە کە ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە وا لە هەموان دەكات كە گرنگی و ئەو مەترسییانەو ساتەوەختە مێژوییەکە درك پێ بكەن، كە پێویستی بەكاری پێکەوەی هەیە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزی نێوان گشت ھاوڵاتیانی عێراق و پاراستنی سەربەخۆیی هەڵویستی نیشتمانی عێراق و پارێزگاریكردن لەو دەستکەوتو و سەركەوتنانەی بە سەر تیرۆردا بەدی ھاتوە. 
بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوان لە سەر ئەو چەند خاڵە رێککەوتن:
 
١- رێزگرتن لە مەرجەعیەتی دەوڵەت و پابەندبون پێوەی لە گشت دۆخێكدا، لە چوارچێوەی دامەزاراوە دەستورییەكاندا، هەروەها رەچاوكردنی یاساكان و هەر سەرپێچیەكیش بۆ سەر دەوڵەت و دامەزراوەكانی بە دەرچون لە بەرژەوەندی نیشتمانی و سەرپێچی لە یاسا دادەنرێت و روبەڕوی یاساكانی عێراقی دەكرێتەوە.

۲-پابەندبون بە بەڵگەنامەی (سیاسەتی نیشتمانی یەكگرتو) كرایەوە كە لە كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكاندا لە سەری رێكەوتبون، ڕەتكردنەوەی بونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ و ڕێگانەدان بەوەی كە عێراق بكرێتە پێگەیەك بۆ لێدان و دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. 

۳- پشتیوانی و بەرزنرخاندنی قارەمانیەتی هێزە چەكدارەكان بە گشت پێكهاتەكانییەوە و كاركردنی تەواوی دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری بۆ قەڵا چۆکردنی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش، جەختکردنەوە لە بەردەوامی راوەدونانی پاشماوەکانی داعش تاوەکو ھیچ دەرفەتێک نەمێنێتەوە بۆ دوبارە خۆ ڕێكخستنەوەیان  تا بە یەك جاری لە ناو دەبرێن.

٤- رێزگرتن لە قوربانی و ڕۆڵی نیشتمانی حەشدی شەعبی کرایەوە، وەك بەشێكی كاریگەر لەسیستەمی بەرگری نیشتمانییدا، لە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، دوپاتیش لە گرنگی پابەندبون بەجێبەجێكردنی فەرمانی دیوانی و سەر پەرشتیكردنی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی لە چوارچێوەی دیاریكراوی دەوڵەتدا و بەپێی ڕێكارە دروستەکان و لەژێر سایەی سیستەمی بەرگری و بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیدا.

٥- گرتنەبەری هەمو ئەگەرێكی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتە كتوپەڕەكان و بەرەنگاربونەوەیان.

٦- بەدواداچون بكرێت بۆ ڕێكکەوتنامەو لێكگەیشتنەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت بۆ پابەندبونیان بە بەڵینەكانیانەوە سەبارەت بە سەروەری و سەربەخۆیی و ئاسایشی عێراقەوە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP