سەدر پەیامێكی لەسەر تۆمەتباركردنی ئیسرائیل لە هێرشەكانی سەر عێراق بڵاوكردەوە

- 8/26/2019 9:42:00 PM 15517 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی رەوتی سەدر رایگەیاند،"ناتوانم ئیسرائیل بێبەری بكەم لەو هێرشە تیرۆرستیانەی دەكرێتە سەر عێراق" دەشڵێت،پێویستە لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و بۆ بڕیاردانیش بگەڕێینەوە بۆ رای مەرجەعیەت.

موقته‌دا سه‌در، سەرۆكی ره‌وتی سه‌در، لە تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر كە ئەمشەو بڵاویكردەوە،  نوسیویه‌تی،"ناتوانم ئیسرائیل بێبەری بكەم له‌و كردەوە تیرۆرستیانەی له‌ عیراق ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام باوەڕموایە كارێكی له‌وشێوەیە ناكات، چونكه‌ تێدەگات لەوەی وه‌ڵامی عیراق هه‌ژێنه‌ر ده‌بێت".

سەرۆكی ره‌وتی سه‌در ده‌ڵێت،"تەلئەبیب خۆی باش دەزانێت كۆتاییه‌كه‌ی له‌ عیراق ده‌بێت، بۆیه‌ خۆیان ناخەنە ناو یارییه‌كەوە كه‌ له‌وان گه‌وره‌ تره‌".

پێویسته‌ عیراقییه‌كان دان به‌خۆداگرن و بڕیاری تاك لایه‌نه‌ لەلایەن هێچ كەسێكەوە نەدرێت

 

موقته‌دا سه‌در بەپێویستی زانیوە حكومه‌تی عیراق بەپەلە لێكۆڵینەوەكانی لەو هێرشانە دەستپێبكات تەنانەت ئەگەر به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش بێت، ئه‌گه‌ر یەكلابوەوە ئیسرائیل ئه‌و هێرشانه‌ی بۆ سه‌ر عیراق ئەنجامداوە، پێویسته‌ عیراقییه‌كان دان به‌خۆداگرن و بڕیاری تاك لایه‌نه‌ لەلایەن هێچ كەسێكەوە نەدرێت.

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا، سەدر دەڵێت،"هەركات یەكلابوەوە كە ئیسرائیل ئه‌و هێرشانه‌ی ئەنجامداوە، پێویستە تەواوی لایەنەكانی عێراق له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆببنه‌وه‌ و دانیشتنێك ساز بكه‌ن بەبێ بونی گه‌نده‌ڵكاران و ئەوانەی رێكەوتنی ئەمنیان لەگەڵ ئەمریكا هەیە، تەنانەت بەبێ ئەوانەشی دژی ئەمریكا و ئیسرائیلن. هەوڵ نەدەن بڕیاری هەڵە بدەن و هەوڵی داخستنی باڵیۆزخانەكان نەدەن، بەڵكو بڕیارێك بدرێت عێراق و عێراقییەكان تیایدا نەبنە قوربانی".

پێویستە پارێزگاری لە سنوره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بكرێت بەتایبەتی سنورەكانی لەگەڵ سوریا

 

موقتەدا سەدر نوسیویەتی،"پێویستە لێدوانی ئاگرین نه‌درێت و به‌یاننامه‌ بۆ جوڵاندنی سۆزی هاوڵاتیان ده‌رنه‌كرێت تا عیراق نه‌بێته‌ گاڵته‌جاڕ. پێویستە شوێنه‌ پیرۆزه‌كان بپارێزێت و چه‌ك تەنها به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت و سه‌رجه‌م جبه‌خانه‌كانیش راده‌ستی ده‌وڵه‌ت بكرێت، بەپێچەوانەوە عیراق روبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌".

سەرۆكی رەوتی سەدر لە كۆتاییدا نوسیویەتی،"پێویستە پارێزگاری لە سنوره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بكرێت بەتایبەتی سنورەكانی لەگەڵ سوریا، ئەو گروپە چەكدارانەشی لە سوریان، پاشەكشە بكەن و بگەڕێنەوە عێراق، چونكە خوێنی عێراقییەكان لەپێشترە، پێویستیشە بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مه‌رجه‌عیه‌ت و گوێ له‌ فه‌توای مه‌رجه‌عیه‌ت بگیرێت لەكاتی بڕیارداندا.

ئەم تویتەی سەدر لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە ژمارەیەك هێرش و بۆردومان بۆ سەر چەند جبەخانە و لیوایەكی حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێت و دوێنێش لە بەیاننامەیەكدا، حەشدی شەعبی ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی هێرشەكان.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP