هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان مانگرتنیان ده‌ستپێكرد

- 8/26/2019 12:46:00 PM 1556 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2015- 2016 مانگرتنیان له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستپێكرد و رایده‌گه‌یەنن، تا جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانیان له‌ گردبونه‌وه‌ و مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بن.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ كۆبونه‌وه‌ی 14/1/2019 به‌شێوه‌ی زاره‌كی بڕیاری دامه‌زراندنمانی داوه‌ كه‌چی تا ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌

 

له‌ یاداشتێكدا ئەمڕۆ كه‌ له‌ لایه‌ن ئاكار عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان خوێندرایه‌وه‌ رایانگەیاند، "ئێمه‌ ده‌رچوانی سه‌ر ئاستی به‌ش و كۆلێژه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016 ژماره‌مان هەزار و 369 دەرچوە، به‌پێی نوسراوی ژماره‌ 9413 له‌ به‌رواری 23/7/2018 وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك پێویستی وه‌زاره‌ت داوای دامه‌زراندنی هه‌میشه‌یمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش له‌ كۆبونه‌وه‌ی 14/1/2019 به‌شێوه‌ی زاره‌كی بڕیاری دامه‌زراندنمانی داوه‌ كه‌چی تا ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌".
داوا ده‌كه‌ین به‌په‌له‌ فه‌رمانی دامه‌زراندنمان ده‌ربكرێت و رێكاره‌كانی دامه‌زراندنمان جێبه‌جێبكرێت

 


له‌ یاداشته‌كه‌دا یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان داوا ده‌كه‌ن، به‌په‌له‌ فه‌رمانی دامه‌زراندنیان ده‌ربكرێت و رێكاره‌كانی دامه‌زراندنیان جێبه‌جێبكرێت، ده‌رفه‌تی خوێندنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ بره‌خسێندرێت و زه‌ماله‌ی خوێندنیان بۆ دابین بكرێت.
به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ماوه‌ی سێ ساڵه‌ چاوه‌ڕوانی دامه‌زراندنین

 


یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئه‌وه‌شیان خستوەته‌ڕو، "به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ماوه‌ی سێ ساڵه‌ چاوه‌ڕوانی دامه‌زراندنین، له‌ روانگه‌ی هەستكردن به‌ بارودۆخی سه‌ختی دارایی و ئابوری هه‌رێم نه‌رمیمان نواندوه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌مو ئه‌و هۆكارانه‌ی رێگربون له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنمان كۆتاییان هاتوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت كۆتایی به‌و چاوه‌ڕوانیه‌مان بێنێت و داواكاریه‌كانمان جێبه‌جێبكات".

له‌ یاداشته‌كه‌دا دوپاتیان كردوەته‌وه‌ تا جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانیان له‌ گردبونه‌وه‌ و مانگرتن له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وام ده‌بن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP